رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی "دەستدرێژییەکی بێ پاساوە" و لە کاتی دانوستاندنی دیپلۆماسیدا کراون. رەخنەی تووندیش لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت: "ئێوە تەنیا نیگەرانی ئابووریی جیهانن."
ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئازاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پەیامێکی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە: "ئەوەی روودەدات جەنگ نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی بێهۆکارە کە لەلایەن دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە."
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە نێوەندی دانوستاندنی "جددیی دیپلۆماسیدا" بوون، کاتێک بۆ جاری دووەم لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە هەڵوێستەکەی گوتێرێز گرت کە باسی لە مەترسییەکانی جەنگ بۆ سەر ئابووریی جیهان کردبوو، لەو بارەیەوە گوتی: "ئێوە نیگەرانی ئابووریی جیهانن، بەڵام چی دەربارەی ئەو هاووڵاتییە بێتاوانانە؟ لەنێویاندا 175 کچە قوتابی کە لە شاری میناب کۆمەڵکوژ کران."
بەقایی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بەرامبەر ئەو "جەنگە نادادپەروەرانەیە" هەڵبگرێت و هەڵوێستێکی روونی هەبێت.
لە بەرەبەیانی 28ی شوباتی رابردووەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و چەندین ناوچەی جیاواز، لەنێویاندا پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانجی بۆردوومانەکان.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمیی دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران، تاوەکو ئێستا کوژرانی 1,332 کەس و برینداربوونی 6,186 کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکاندا پشتڕاستکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ