329 تانە لە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق تۆمارکراون

01-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

329 تانە لە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق تۆمارکراون، 35 یان لەسەر ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنەیە لە کەرکووک. لەمڕۆوە دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستدەکات بە تاوتوێکردنى تانەکان و بە گوێرەى یاسا، دەبێت لە 10 رۆژدا یەکلاییان بکاتەوە.
 
1ـی کانوونى دووەمى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "329 تانە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون."
 
جومانە غەلاى ئاشکرایکرد، "لەو تانانە 35 یان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دراون و زۆرترین تانە لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى بەشى کەرخى بەغداى پایتەخت بووە کە 45 تانە بووە."
 
28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە، لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ ماوەى سێ رۆژ دەرگەى تانەدان لەو ئەنجامانە کرایەوە.
 
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەمڕۆوە دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەست دەکات بە تاوتوێکردنى تانەکان و بەگوێرەى یاسا دەبێت لەماوەى 10 رۆژدا تانەکان یەکلا بکاتەوە."
 
بە گوێرەى بڕگەى سێ لە مادەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگەى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەوە کە پێشکێش کراون.
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق لە 14 پارێزگا ئەنجامدراو یەکەمجاریش بوو لەدواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە