رووداو دیجیتاڵ
ئەو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکرا کە لەسەر شەقامێکى گشتیى شاری واستی خوارووی عێراق، بە دەمانچەکەى هێرشی کردە سەر پۆلیسێکى هاتووچۆ و بریندارى کرد.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆ ئەو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆى راگرتووە، کە دەستدرێژیى کردووەتە سەر پۆلیسێکی هاتووچۆ. لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەشی لەسەر ئەو کارمەندەى وەزارەتەکەى پێکهێناوە.
دیمەنى هێرشکردنەسەر ئەو پۆلیسەى هاتووچۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا کارمەندەکەى وەزارەتى ناوخۆ دەردەکەوێت و بە دەمانچەکەى لە سەرى پۆلیسێکى هاتووچۆ دەدات.
ئەو رووداوە 31ى کانوونى یەکەمى 2023 لە پارێزگاى واست روویداوە، ئەو پۆلیسى هاتووچۆیە کە هێرشی کراوەتەسەر، ناوى ئەرکان فەزەعە و لەدواى ھێرشەکە رەوانەى نەخۆشخانە کراوە بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر.
بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی هاتووچۆى واست، وێنەیەکى ئەرکان فەزەعى بە بریندارى بڵاوکردووەتەوە لەکاتى سەردانیکردنى لەلایەن عەمید مەروان نوورى، بەڕێوەبەرى پۆلیسی هاتووچۆى واستەوە.
بەڕێوەبەرى پۆلیسی هاتووچۆى واست بەو پۆلیسەی رایگەیاندووە، ئەو کەسەى هێرشیکردووەتە سەرى، سزاى دادپەوەرانەى خۆى وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ