لە عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو داواکاریی بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات

01-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەرگەی داواکاریی بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی سندووقی پێدانی قەرزە، کە 750 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 01-02-2024، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، پرۆسەی پێشکێشکردنەکە تەنیا ئەلیکترۆنی دەبێت، فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی ئامادەکراوە، تاوەکو پشکی هەر پارێزگایەک تەواو دەبێت پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت.
 
نەبیل سەفار دەڵێت ساڵی رابردوو، 20 هەزار کەس لە سندوقی قەرز سووومەندبوون، کە بڕەکەی 650 ملیار دینار بوو. قەرزەکەش بۆ 100 ملیۆن دینار زیاد دەکرێت بۆ ئەوانەی داواکاریی قەرز پێشکێش دەکەن بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لەو کۆمەڵگەنەی، کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێی دەکات.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ وەرگرتنی قەرز ئاسانە، لە ماڵپەر فۆڕمەکە هەیە، دەتوانرێت بە ئاسانی داواکاری وەرگرتنی قەرز پێشکێش بکرێت.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی قەرزەکە، سەفار دەڵێت، مەرجەکانی وەرگرتنی قەرز ئەوەیە کە نابێت رووبەری زەوییەکە لە 100 مەتر کەمتر بێت، رووبەڕووی خانووەکەش لە 65 مەتر کەمتر نەبێت، لەگەڵ ئامادەکردنی پێویستییەکان بۆ پێشکێشکردنی قەرزەکە، دەبێت کۆنووسی جێگیرکردنی سنووری زەوییەکە هەبێت، لە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە، لەگەڵ مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لە شارەوانی و نەخشەی خانووەکەش لە نووسینگەی ئەندازیاری لە شارەوانی پەسندکرابێت.
 
ئەم قەرزە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، رۆژی پێنجشەممە، 01-02-2024، خەبات ئەسعەد، راوێژکاری راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە چەند قۆناخێک ئەم قەرزە دەدەرێت لە دروستکردنی بناخە 30٪ و هەیکەل 30 و تەواوی کردنی خانووەکەش 40٪ـی پێدەدرێت، بڕی قەرزەکەش 60 ملیۆن دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە