رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانی شیعەکان رایگەیاند، ئەمشەو یەکشەممە (یەکى ئادار) بە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەچن بۆ هەڵکەندنی، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانى عەلى خامنەیی و جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران.
ئەو پەیامەی لیژنەکە لە راگەیێنراوێکدا بوو کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە بەغدا بەرامبەر بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و دەربڕینی هاوخەمییان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
لیژنەکە دەڵێت: "لەو خۆپیشاندانەدا لە پردی موعەلەقەوە بەڕێدەکەوین بۆ ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە ریشەی دەربێنین، ئەوەش سەرەتای کاردانەوەمانە لە دژی هێرش و پێشێلکردنی سەروەری و ئەوە کەمترین کارە کە بیکەین".
ئەو لیژنەیە کە نزیکە لە هێزە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران، کاتژمێر 8:30 خولەکی ئەمشەوی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە.
کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەبەیانی 1ی ئادار کوژرانی عەلی خامنەیییان پشتڕاستکردەوە کە لە هێرشێکدا لە 28ی شوبات لە تارانی پایتەخت کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ