پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یاسای رزگاربووانی ژنانی کوردی ئێزدی هەمواردەکرێتەوە

01-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەموارکردنەوەی یاسای رزگاربووانی ژنانی کوردی ئێزدی لە بەرنامەی کاردایە. 
 
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 1-5-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 02-05-2023 دەستپێکدەکات و شەش بڕگەی لەخۆگرتووە، لەوانە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەک و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێنج پرۆژەیاسای دیکە. 
 
شوان محەممەد، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کار، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی پرۆژەیاسای یاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ی ساڵی 2021. 
 
مەحما خەلیل، نوێنەری شنگال لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە بە رووداوی گوت، یاساکە هەندێک نادادی تێدایە و دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و رۆتیناتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی نەمێنێت.
 
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بریتین لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری فەرمانی ژمارە 10ی ساڵی 2004 سەبارەت بە تاپۆکردنی زەوی نیشتەجێبوون بە کارمەندانی کۆمپانیای پاڵاوگەی واست/دۆرە؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی پرۆژەیاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ی ساڵی 2021؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ  پرۆژەیاسای چوونی عێراق بۆ نێو سیستمی بنەڕەتی رێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک؛  خوێندنەوەی دووەم پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و تونس؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە