رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 300 هەزار کرێکار دەستبەری کاریان بۆ کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 42 هەزار کرێکاری بیانی لە وەزارەتی کار تۆمار کراون.
ئەمڕۆ 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە. لە عێراق زیاتر لە 6 ملیۆن کرێکار هەن. نەجم عقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 1ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 300 هەزار کرێکار دەستەبەری کاریان بۆ کراوە. کەمترین مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێک بووەتە 500 هەزار دینار؛ پێشتر 350 هەزار دینار بوو."
بەشێک لە کرێکاران گلەیی ئەوە دەکەن کە بەهۆی هەبوونی ژمارەی زۆری کرێکاری بیانییەوە کاریان بە ئەستەم دەست دەکەوێت.
نەجم عقابی گوتی، "ژمارەی کرێکاری بیانی کەم و زیاد دەکات. ئێستا زیاتر لە 42 هەزار کرێکاری بیانی لە وەزارەتی کار تۆمار کراون. ئەوانی دیکە بە شێوەی نایاسایی لە عێراق کار دەکەن. دەبێت وەزارەتی ناوخۆ رێکاریان بەرامبەر بگرێتەبەر."
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە نێوەڕاستی ساڵی رابردوودا گوتی، "زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقن کە زۆربەیان بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن."
وەزارەتی کار سەنتەری بۆ مەشق و راهێنانی پیشەیی هەیە و تێیاندا راهێنان بە هاووڵاتیان دەکرێت و بۆ بازاڕی کار ئامادە دەکرێن. گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێت، "نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەس لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون و مەشقیان پێکراوە بۆئەوەی کاریان دەست بکەوێت."
وەزارەتی کار لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ خستنەگەڕی کرێکاری نێوخۆیی، فۆرمی بۆ کۆمپانیاکان بەتایبەتی کۆمپانیا بیانییەکان ناردووە بۆئەوەی بزانن پێویستیان بە چ کارامییەکە. عقابی رایگەیاند، "هەر کۆمپانیایەک پێویستی بە شارەزایی لە هەر بوارێکدا هەبێت، دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە و راهێنان بە گەنجان دەکەین بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن." گوتیشی، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە عێراق کار دەکەن پابەند کراون کە 70 کرێکارەکانیان ناوخۆیی و 30%یان بیانی بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ