بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق: لە 9 پارێزگا وەرگرتنی گەنم تەواو بووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور دەستیپێکردووە. پێشبینیش دەکات گەنمی هەرێمی کوردستان مانگێک و نیوی دیکە پێبگات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ی نیسانی 2026، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی دروێنە و وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی باشوور گەیشتووەتە قۆناخێکی باش. لە 9 پارێزگای باشوور و نێوەڕاست پڕۆسەکە دەستیپێکردووە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە گوتی، "لە پارێزگاکانی وەک کەربەلا و دیوانییە ئەمڕۆ پڕۆسەکە دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ کەشوهەوا سارد بوو و بووە هۆی دواکەوتنی پێگەیشتنی دانەوێڵە."
 
گەرعاوی ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی رابردوو لە 19ی نیسانەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی کەشوهەواوە تاوەکو 30ی نیسان دواکەوتووە.
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی دروێنە لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە گوتی، "گەنم لە هەرێمی کوردستان هێشتا سەوزە و پێویستی بە مانگێک و نیوی دیکەیە تاوەکو دروێنە بکرێت. ئێمە وەک کۆمپانیا، هەر کاتێک جووتیارێک دەست بە دروێنە بکات، ناوەندەکانی ساخکردنەوە و کڕینەوەی گەنمی بۆ دەکەینەوە."
 
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ بڕی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە عێراق، حەیدەر گەرعاوی ئاشکرای کرد، بەپێی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیکەی چوار ملیۆن تۆن بێت.
 
لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، حکومەتی فیدراڵی 4.5 ملیۆن دۆنمی زەویی چێندراو بە گەنم لەنێو پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی 2025 - 2026 پەسند کرد، کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە بەرهەمی گەنمەکەی وەردەگیرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پلاندانان

پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: زۆرترین رێژەی هەژاری لە موسەننا و کەمترینی لە هەولێرە

وەزارەتی پلادانانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە عێراق رێژەی بێکاری 13٪ و هەژاریش 17.5٪یە. موسەننا هەژارترین پارێزگای عێراقە و کەمترین رێژەی هەژاری لە هەولێرە ؛ هەفتەی داهاتوو بەغدا بەبێ هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەک لەسەر هەژاری و بێکاری ساز دەکات.