رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی سوپا توانیویانە درۆنێکی نەناسراو لە بەری رەسافەی بەغدا بخەنە خوارەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە ئەمرۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، یەکەکانی فەوجی یەکی لیوای 45ی سەر بە فیرقەی 11، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان لە ئاسمانی ناوچەی ژێر بەرپرسیارێتییان خستووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، "دوای بینینی درۆنەکە، دەستبەجێ هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی فیرقە کرا بۆ ناسینەوەی ناسنامەی فڕۆکەکە، بەڵام دوای وردبینی دەرکەوت کە فڕۆکەکە نەناسراوە و مۆڵەتی فڕینی نەبووە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دوای دڵنیابوونەوە لە نەناسراوی ئامانجەکە، هێزەکانیان "بە چەکی گونجاو" توانیویانە بە سەرکەوتوویی بیخەنە خوارەوە.
بەپێی دابەشبوونی سەربازیی سوپای عێراق، فیرقەی 11 و لیواکانی سەر بەو فیرقەیە بەرپرسیارن لە پاراستنی بەغدا، بەتایبەتی کەرتی رەسافەی رۆژهەڵاتی بەغدا.
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، "هێزەکانمان هیچ کەمتەرخەمییەک لە پاراستنی سەروەریی عێراق و گیانی هاووڵاتییان ناکەن و بەرپەرچی هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی دەدەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ