هاووڵاتییەکی عێراقی لە ریزی گرووپی ڤاگنەردا کوژرا

01-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی ڤاگنەر رایدەگەیێنێت، چەکدارێکی گرووپەکە کە خەڵکی عێراق بووە لە ریزی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینا کوژراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 31ـی ئایاری 2023، یەڤگێنی پریگۆژین، خاوەن و فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چەکدارەی خەڵکی عێراق بووە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لە شەڕی ئۆکراینادا کوژراوە. ئەو چەکدارە عێراقییەش یەکەمین چەکدار بووە کە خەڵکی یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووبێت و لە ریزی گرووپەکەدا کوژرابێت.
 
چەكدارە عێراقییەکەی گرووپی ڤاگنەر ناوی عەباس ئەبوزەر ویتویت بووە و لە 7ـی نیسان ئەمساڵدا لە شاری لوهانسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کوژراوە. پریگۆژین ئەوەشی راگەیاند، عەباس لە زیندان ئازادکراوە و پەیوەندی بە گرووپەکەوە کردووە، "ویتویت شەڕکەرێکی باش بوو، ئەو بەشێوەیەکی قارەمانانە گیانی لەدەستدا."
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کەسێک وەکو باوکی عەباس دەناسێندرێت و لەلایەن گرووپی ڤاگنەرەوە خەڵات دەکرێت، دەڵێت: "عەباس هەمیشە بەدوای ئازادیی خۆیدا دەگەڕا و دەیویست کەسێک بێت کە بەرگری لە ئازادیی خۆی بکات. عەباس پێی گوتم کە ئەو ئازادیی خۆی لە رووسیا دۆزیوەتەوە."
 
عەباس، بۆ خوێندن لە رووسیا بووە، بەڵام لە تەممووزی 2021، بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، چوار ساڵ و نیو سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
 
گرووپی ڤاگنەر کە کۆمپانیای سەربازیی تایبەتیی رووسییە، سەرپەرشتی بەشێک لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینادا دەکات و بەشێک لە چەکدارەکانی ئەو کەسانەن کە لە زیندانەکانی رووسیادان و گرووپەکە بەڵێنی ئەوەیان پێدەدات، ئەگەر توانییان بۆ ماوەی شەش مانگ لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە ئۆکراینادا شەڕ بکەن، ئەوا ئازاد دەکرێن.
 
گرووپی ڤاگنەر لە سەرەتای شەڕی ئۆکراینا رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، لە سەرەتای مانگی ئایاردا گرووپەکە رایگەیاند، بەشێك لەو ناوچانەی لە ئۆکراینا دەستیان بەسەردا گرتووە، رادەستی سووپای رووسیا دەکەن.
 
گرووپەکە کە بە درێژایی شەڕەکە رەخنەی لە بەرپرسانی باڵای رووسیا گرتووە، بە گەندەڵی و پشتیوانی نەکردنی ڤاگنەر تۆمەتباری کردوون، دان بەوەدا دەنێت، 20 هەزار چەکداری لە باخمووت کوژراون. داوای گۆڕینی وەزیری بەرگریی رووسیا دەکات و هۆشداری دەدەن کە ئەگەر سوپا خۆی رێکنەخاتەوە و لە گۆڕەپانی جەنگ زیانەکانی بەردەوامبن، ئەوا دەکرێت شۆڕشێک لەنێو رووسیا رووبدات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە