رووداو دیجیتاڵ
جێگری پێشووتری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەبێت، دەتوانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بکرێت. دەشڵێت، "بەو مەرجەی پێکهاتەی کۆمیسیۆنی ئێستای عێراق نەگۆڕدرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023، سەعد راوی، جێگری پێشووتری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستانیش ماوەی بەسەرچووە و ناتوانێت متمانە وەربگرێت، ئەگەر رێککەوتنی سیاسیی و ئیرادەی لایەنە سیاسییەکان هەبێت، ئەوا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغدا دەتوانێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات."
سەبارەت بە رێوشوێنەکانیش روونیدکردەوە، "ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەک بۆ کۆمیسیۆن بنێرێت و داوا لە کۆمیسیۆن بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات، ئەو نامەیەی و وەڵامی کۆمیسیۆن کاتی زۆری پێناچێت و هێشتا ماوەکە گونجاوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەرووی هونەرییەوە پێکەوە ناکرێن."
سەعد راوی، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کە بڕیارە رۆژی 20-12-2023 بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی دەنگدەرانی عێراق 27 ملیۆن دەبێت و ئەوانەی تۆماری بایۆمەترییان هەیە زیاتر لە 17 ملیۆن کەسن، ئەوانەشی تۆماری بایۆمەترییان نییە، زیاتر لە 9 ملیۆن کەس دەبن، ژمارەی ئەو کارتانەی هەڵبژاردن کە دابەشکراون 15 ملیۆن دەبێت و دوو ملیۆنیش دابەشنەکراوە.
روونیشیکردەوە، "بەپێی ژمارەکان، نزیکەی 45٪ـی دەنگدەران ناتوانن دەنگبدەن، ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردن کە لەماوەی دە ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە دەنگدەران بە بایۆمەتری تۆماربکەن."
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدڕاڵی بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستانی بەپاساوی کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی چوار ساڵی خولەکەی دا، جگە لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش هەڵوەشایەوە، بەو پێیە ئێستا پەرلەمانی کوردستان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ