محەممەد شیاع سوودانی: دابینکردنی چەکی نوێ لەپێشینەی کارەکانی حکومەتە

01-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نابێت کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ببێتە هۆکارێک بۆ خاوبوونەوە و پشوودانیان و دەبێت کاتەکان بۆ راهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵوێست و گۆڕانکارییە خێراکان بقۆزنەوە. دەشڵێت، "دابینکردنی چەکی نوێ لەپێشینەی کارەکانی حکومەتی عێراقە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمی راهێنانێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، "دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ یەکێکە لە پایەکانی هێزە ئەمنییە گرنگەکانی عێراق، جگە لەوەی یەکێکە لەو دەزگایانەی ئەندامانی ئاستێکی زۆر بەرزیان لە شەڕکردن هەیە."
 
سوودانی لە قسەکانیدا کوژرانی 27 چەکداری داعشی لە چیاکانی حەمرین و پارێزگای ئەنبار پێش چەند رۆژێکی کەم لە هەڵکوتانەکانی ئەو دەزگایە بۆسەر مۆڵگەکانی داعش، راگەیاند.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای بینینی بەشێک لەو چەکانەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق نمایشی کردبوون، باسی لەوە کرد "دابینکردنی چەکی نوێ بۆ هێزە ئەمنییەکانمان لە لەپێشترینەکانی کاری حکومەتە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەسازییان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە."
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق یەکێکە لە دەزگا ئەمنییەکان، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش راهێنانیان پێکراوە و بەشێکی چەکەکانیان بۆ دابنیکراوە، لەلایەن عەبدولوەهاب ساعدییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هێزەکە رۆڵی گەورەی لە رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش هەبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە