رووداو دیجیتاڵ
نۆ کەسایەتی، چالاکڤان و پەرلەمانتار سکاڵا لە دژی هەمواری یاسای باری کەسی تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبوەشێنرێتەوە، داوا دەکەن رێگرییەکانی هەموارەکە بۆ گۆڕینی مەزهەب لەلایەن هاوسەرانەوە لاببرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە یەکى تەممووزی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە، کە لە دژی دەنگدانی پەرلەمانی عێراقە لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی لە 4ی ئابی 2024 و داوا دەکەن ئەو هەموارە بە نادەستووری بناسێنرێت.
نوور نافع، پەرلەمانتاری ئیمتیداد، هەنا ئەدوار، سەرۆکی تۆڕی ژنانی عێراق، ئەنسام سەلمان، سەرۆکی رێکخراوی ئەیسەن بۆ مافی مرۆڤ، رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق لەنێو ئەو کەسانەن، کە سکاڵاکەیان کردووە.
رائید فەهمی بە رووداوی گوت: "بنەمای ئەو سکاڵایە لەسەر ئەوەیە کە یەکسانی تێدا رەچاو نەکراوە و کۆمەڵگە لەنێوان ژن و پیاودا دابەشدەکات".
بەشێکی دیکەی سکاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕگەیەکی هەمواری یاسای باری کەسییە، کە رێگری دەکات لەوەی ژن و مێرد لەپاش ئەوەی هاوسەرگیرییان لەسەر بنەمای یەکێک لە دوو مەزهەبی شیعە و سوننە کرد، بیگۆڕێت.
سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق دەڵێت: "بەگوێرەی دەستوور، هاووڵاتییان لەبەردەم یاسا یەکسانن، بەڵام ئەو یاسایە پێچەوانەی دەستوورە".
18ی شوباتی 2025 هەمواری یاسای باری کەسی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی مەزهەبی جەعفەریی شیعەیە لەو یاسایەدا.
بەگوێرەى هەموارەکە ئەو کوڕ و کچەى لەسەر مەزهەبی جەعفەرى شیعە هاوسەرگیرى دەکەن و گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەیان لە دادگەى بارى کەسى تۆمار دەکرێت، ناتوانن دواتر بژارەى مەزهەبەکەیان لەو هاوسەرگیرییە بگۆڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ