رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدرا، تەنانەت باسی ئەو بابەتەش نەکرا."
بە گوتەی سەرچاوەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدەستهاتووە، ئەمریکییەکانیش لەسەر هێڵن و دەیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداوە گەڕاوەتەوە و سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دانوستاندنەکانیان تاوتوێ دەکات.
29ى حوزەیران، شاندى هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنى بەرایی لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوت وەک هەنگاوى بەر لە ناردنى مووچەى فەرمانبەران، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوای رێککەوتنی بەرایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، سرووشتی رێککەوتنەکەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی نەچووەتە ژێر باری ئەوەی ئەو رێککەوتنە بە نووسراو بێت و دەیەوێت بە زارەکی بێت، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی نووسراوی دەوێت."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، رێگری لە نووسینی رێککەوتنەکە، ترسە لە بەکارهێنانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کە لیستی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، بەغدا داوای کردووە تەواوی نەوتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان کە (400 هەزار بەرمیلە) بخرێتە نێو بۆریی هەناردەکردنەوە، لەبری جیاکردنەوەی 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستى ناوخۆیی.
نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، بۆ بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، ئەوان پشکی هەرێمی کوردستان لە پێداویستیی بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکەن، بەڵام لایەنی هەرێمی کوردستان متمانەی بەو هەنگاوە نەبووە لەڕووی کردارییەوە بۆ جێبەجێکردن.
بەگوێرەی رێککەوتنی بەراییان، بڕیار بوو 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردن و 120 هەزار بەرمیلی دیکە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بێت.
لە 25ی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ی شوباتەوە چووەتە واری جێبەجێکردن، بۆئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی مانگێک بنێردرێت تاوەکو دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی بەغدا و هەولێر دەستی کەوتوون، نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی لە دانوستاندنەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە، تاوەکو نەوت نەخرێتە بۆریی هەناردەکردنەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرن و ئەوە خاڵی ناکۆکیی نێوانیان بووە.
لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە بڕێک نەوت بخرێتە بۆرییەکەوە تاوەکو مووچە بنێردرێت و دواتر رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەناردەی تەواوی نەوتەکە دەکەن. یەکێک لەو بەرپرسانە گوتی، "پێشنیازەکە وابووە نزیکەی 30%ی نەوت بخرێتە نێو بۆرییەکەوە بە نەوتی کەرکووکیشەوە، بەڵام بەغدا رازى نەبووە."
رۆژی 28ی ئایاری 2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بە پاساوی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجەدا و رادەستنەکردنی تەواوی داهات.
بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نەناردووە، لەکاتێکدا دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەستیپێکردووە.
1ی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت: "تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، هیچ بڕیار یان راسپاردەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نەچووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ