کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: خشتەى کارەکانمان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوادەکەوێت

01-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنى خشتەى کارەکانیان بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوادەکەوێت، بۆ ئەو کاتەى رۆژى ئەو هەڵبژاردن دیاریدەکرێت، کە بریتین لە هەنگاوەکانى نوێکردنەوەى هاوپەیمانێتییەکان و وەرگرتنى ناوى بەربژێران.
 
یەکى ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتاییهات کە کۆمیسیۆن خستبوویە بەردەم سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەبێ ئەوەى وادەکە دیاریبکرێت، بۆیە دەستپێکردنى خشتەى کارى کۆمیسیۆن بۆ ئەو هەڵبژاردنە،بەگوێرەى دواکەوتنى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردنەکە دوادەکەوێت. "دیاریکردنى یەکى ئاب لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە هەڵبژاردن لە 18ى شووبات بکرێت".
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، دواى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە، خشتەى کارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەستپێدەکات، کە بریتین لە کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردن و نوێکردنەوەى هاوپەیمانێتییەکان و پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
        
26ى تەممووز، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فه‌رميدا كه ‌10-ى تەممووزى 2023  ئاڕاسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراقی کرد، داواى كرد کۆمیسیۆنەکە ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و دوو وادە پێشنیاز کراون بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە؛ یەکەمیان لە 18ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ و دووەمیشان 18ى کانوونى یەکەمی ئەمساڵ کە ئەمەی دووەمیان هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە وەڵامى ئەو نووسراوەدا 18ى شووباتى 2024 ى وەک کاتێکى گونجاو بۆ ئەو هەڵبژاردنە دیاریکرد، ئەگەر تاوەکو یەکى ئاب سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان وادەى هەڵبژاردنەکە یەکلا بکاتەوە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە