رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا رەوانە دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و سۆمۆش بڕیار دەدات ئەو نەوتە هەناردەی دەرەوە دەکرێت یان لە نێوخۆی عێراقدا بەکاردەهێندرێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی سێشەممە 01-08-2023 لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "لە ماوەی رابردوودا ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، چونکە رێککەوتنەکان روون نەبوون، بەڵام ئێستا رێککەوتنی هەردوو حکومەت روونە و لە یاسای بودجەدا رێکخراوە؛ بۆیە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان کە 12.67%ی بودجەی گشتیی عێراقە، رەوانە دەکرێت و هیچ گرفتێک روونادات."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتیشی، پشکەکە و بنەماکانی رەوانەکردنی بۆ هەرێمی کوردستان روونن، بەڵام ئەوەی کە مانگانە یان سێ مانگ جارێک یان هەمووی بە یەکجار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوە پێویستی بە رێککەوتنە.
باسم عەوادی ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی بنەماکانی رێککەوتن و یاسای بودجە؛ هەربۆیە هیچ گرفتێک لەئارادا نییە و هەردوولا خواستی چارەسەری کێشەکانیان هەیە و تاڕادەیەکی زۆر گرفتەکان چارەسەر کراون. ئەوەی کە ماوەتەوە هەندێک رێکاری تەکنیکیی ئاسایین و لیژنە تەکنیکییەکان سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکانن."
رێککەوتنەکان لەنێوان دوو حکومەتدان
لەبارەی ئەو هەواڵانەی گوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای چەند شاند و کەسایەتییەکی سیاسی کە لەم رۆژانەی رابردوودا سەردانی بەغدایان کردووە پارەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، گوتی، "حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێککەوتنی هەیە و کار بە رێککەوتنی حکومەت و یاسای بودجە دەکات، نەک رێککەوتنی حیزبی. ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتن و بنەماکانی یاسای بودجە بووە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نەبووە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کرد و گوتی، حکومەتی عێراق خواستی زۆری هەیە بۆ ئامادەکردن و کارکردن بە یاسای نەوت و گاز و لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیدان بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز. حکومەتی عێراق پێیوایە یاسای نەوت و گاز بە تەواوی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە بواری وزەدا چارەسەر دەکات. هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە خواستی دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی لە عێراق هەیە. هەربۆیە لە ماوەیەکی کورتدا بەرهەمی کارکردن لەسەر ئەو دۆسێیە گرنگە دەبینرێت."
ئەو گوتانەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کاتێکدان کە ئەمڕۆ سێشەممە 01-08-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەشێک لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانمان نارد و ناردنی پشکەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە."
هەر ئەمشەو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق زیاتر لە 900 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
سەرچاوەکە گوتیشی، "ئەمشەو یان سبەی زوو، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بە فەرمی رادەگەیێنێدرێت؛ تەنیا ئەوە ماوە بانکە بازرگانییەکان پارەکە لە بانکی هەرێم وەربگرن بۆ دابەشکردن."
"هەناردەکردنەوەی نەوت"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ، باسم عەوادی باسی لە نەوتی هەرێمی کوردستان کرد کە زیاتر لە چوار مانگە هەناردەکردنی راگیراوە و گوتی، "ئێستا حکومەتی عێراق رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و رێککەوتنەکان، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای نیشتمانی بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ بکات، بۆ ئەمەش لە رۆژانی داهاتوودا سۆمۆ رێکارەکان و شێوازی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چۆنێتی بەکارهێنانی دەستنیشان دەکات کە ئایا بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی عێراق دەبێت یان بۆ هەناردەکردن."
باسم عەوادی نکۆڵی لەوەکرد حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی پێشوەختەی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان دابێت و گوتی، "بەپێی رێککەوتنەکان، نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ بەپێی پێداویستیی ناوخۆ و بازاڕی دەرەوە بڕیار دەدات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕەدا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ