زیادبوونی خوێ لە زۆنگاوەکانی زیقار، ژمارەی گامێشەکانی لە ناوچەکە کەمکردووەتەوە

01-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
    بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو، رێژەی سوێرییەکەی زیادی کردووە.
بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو، رێژەی سوێرییەکەی زیادی کردووە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵ بە ساڵ ژمارەی زۆنگاوەکانی جەبایش لە پارێزگای زیقار کەمتردەبنەوە و بڕی ئاوەکەیشیان کەمتر دەبێتەوە.  ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو گامێشانە دروستکردووە کە بە ئاوی زۆنگاوەکان دەژین.
 
ئەحمەد بێجەی، بەخێوکەری گامێشە و باس لەوە دەکات، ""لەبیرمە ساڵی 2020 و ساڵانی پێشتریش لە 2018 و 2019 دا، قووڵی ئاوەکە مەترێک بۆ مەتر و نیوێک بوو و لە هەندێک ناوچە دەگەیشتە دوو بۆ سێ مەتر. ئێستا قووڵترین خاڵ ناگاتە مەترێک". 
 
ئێستا تەنیا 35٪ـی زۆنگاوەکانی ناوچەکە ماون، ئاوی زۆر کەمیان تێدایە. ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی خوێی نێو ئاو و کاتیک گامێشەکان ئەو ئاوە دەخۆنەوە، ژەهراوی دەبن یان مردار دەبنەوە. 
 
ئەیاد سەبری، ئەندازیاری کشتوکاڵییە و دەڵێت، "دوای ئەو کەمئاوییەی ساڵی 2022، زۆرینەی ئەو ئاژەڵانەی دەچنە قووڵایی زۆنگاوەکانەوە بەهۆی وشکبوونی رووبارەکان و کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوەکانەوە لە لیتەدا نقووم دەبن و مردار دەبنەوە". 
 
دۆخەکە وایکردووە بەخێوکردنی گامێش کەم بێتەوە. بە گوێرەی خەڵکی ناوچەکە، پێشتر هەر کەسێک گامێشی بەخێوکردبا 30 بۆ 40 سەری بەخێو دەکرد، ئێستا پێنج بۆ 15 دانە بەخێو دەکات.
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 1933ـوە وشکەساڵی وەک ئەم ساڵیان نەبینیوە.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە