رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین دەدات، کە مەرجی بۆ خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەری داناوە و سزاشی دیاریکردووە بۆ ئەوانەی کۆبوونەوەی شوێنکەوتووانی ئایین و تایەفەیەکى دیاریکراو تێکدەدەن یان بانگەشە بۆ رقلێبوونەوە دەکەن، کە دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن. هەروەها خۆپێشاندان لە کاژێر 10ی شەو بۆ حەوتی بەیانی قەدەخەیە.
پەرلەمانی عێراق 2ی ئابی 2025 کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پێنج پڕۆژەیاسا و تاوتوێکردنی چوار پڕۆژەی دیکە.
یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانەی بەگوێرەی کارنامەی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتیانەیە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو پڕۆژەیاسایە یەکێکە لەوانەی کە مشتومڕی زۆری لەسەرە و بەبێ سازان تێناپەڕێت."
خۆپێشاندانى لە ناکاو
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە کە بە تێبینییەکانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانەوە دەست رووداو کەوتووە، لە 17 ماددە پێکهاتووە. لیژنەکە لە زۆرینەی ماددەکاندا تێبینیی خۆی بۆ لابردن یان گۆڕینیان نووسیوە.
پڕۆژەیاساکە بۆ رێکخستنی ئازادیی هاووڵاتییە لە رادەربڕین و نووسین و وێنەگرتن. لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە ئەو بەشەی بکرێتە "مافی بەدەستهێنانی زانیاری" و ئەو دەستەواژەیەش بسڕدرێتەوە کە ئاماژەی بەوە داوە، نابێت ئەو ئازادیی رادەربڕینە زیان بە سیستم و ئادابی گشتی بگەیێنێت.
لە پێناسەی خۆپێشاندانی ئاشتیانەدا هاتووە کە بریتییە لە "کۆبوونەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆیان یان داواکردنی مافەکانیان کە یاسا دەستەبەری کردووە."
یەکێک لەو چالاکییانەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژەی پێدراوە، کۆبوونەوەی هەڵبژاردنە کە ئامانج لێی ناساندنی بەربژێرە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ داوای کردووە ئەو بڕگەیە بسڕدرێتەوە و لەبری ئەوە پێشنیازی کردووە چالاکییەک بەناوی "گردبوونەوەی خۆڕسکانە" زیاد بکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ گردبوونەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی وەک کاردانەوەیەک بۆ رووداوێکی بەپەلە، کە پێیانوابێت زیان بە ماف و ئازادییەکانیان دەگەیێنێت و ناکرێت ئەو کۆبوونەوەیە دوابخرێت.
پڕۆژەیاساکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی دیاریکردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان سکاڵای لای تۆمار بکەن، ئەگەر رێگرییان لێکرا لە پێدانی زانیاری.
لە پڕۆژەکەدا بانگەشەکردن قەدەخە کراوە بۆ "جەنگ، کاری تیرۆرستی، رقلێبوونەوەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی و ئایینی و تایفی، و تانەدان لە ئایین و مەزهەب و کەمکردنەوەیان"، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ داوای کردووە کە ئەو بڕگەیە لاببرێت.
لە پڕۆژەیاساکەدا رێگە دراوە بە کۆبوونەوەی جەماوەریی تایبەتی هاووڵاتییان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت، بەڵام بۆ کۆبوونەوەی گشتی پێویستە بەر لە پێنج رۆژ مۆڵەت لە یەکە کارگێڕییەکان وەربگیرێت. ئەگەر مۆڵەتەکە رەتکرایەوە، دەکرێت لە رێگەی دادگەوە سکاڵا لە دژی رێگرییەکە بکرێت. بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە تەنیا لایەنە کارگێڕییەکان ئاگادار بکرێنەوە لەو کۆبوونەوەیە، نەک مۆڵەتیان لێ وەربگیرێت.
چی رێگەپێدراو نییە؟
پڕۆژەیاساکە رێگری دەکات لەوەی هاووڵاتییان ناچار بکرێن بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا بکەن. هەروەها نابێت ئەو کۆبوونەوانە لەسەر رێگەی گشتی بکرێن. رێگریش دەکات لە بەرزکردنەوە و گوتنەوەی ئەو دروشمانەی دژ بە سیستم و ئادابی گشتین، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ داوای سڕینەوەی ئەو بڕگەیەی کردووە.
هەروەها بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، نابێت کۆبوونەوەی گشتی لە نزیک قوتابخانە، پەرستگە، زانکۆ و فەرمانگەکانی دەوڵەت بکرێت. ناشبێت چەک بە هەموو جۆرەکانییەوە یان ئامێری بریندارکەر لەو کۆبوونەوانە هەڵبگیرێت، ئەگەر زیان بە هاووڵاتییان یان کەلوپەلی کۆبوونەوەکان بگەیێنرێت.
هەر بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، خۆپێشاندان لە کاژێر 7ی بەیانی تاوەکو 10ی شەو قەدەخەیە، بەڵام لیژنە پەیوەندیدارەکە داوای لابردنی ئەو بڕگەیەی کردووە.
لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە بڕگەیەک زیاد بکرێت بۆ ئەوەی خۆپێشاندەر بەمەبەستی شاردنەوەی رووخساری، رووپۆش و ماسک بەکارنەهێنێت.
سزا تاوەکو 10 ساڵ بەندکردن
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ "جەنگ و کاری تیرۆرستی و رقلێبوونەوەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی و ئایینی و تایفی" بکات، سزاکەی بەندکردنە، بەو مەرجەی لە 10 ساڵ تێنەپەڕێت.
ئەو کەسانەشی کە بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەر شوێنکەوتووانی هەر تایەفەیەکی ئایینی یان دەستکاری و سووتاندنی دروشمەکانیان دەکەن و سوکایەتی بە یەکێک لە سیمبولە ئایینییەکانی ئەو تایەفانە دەکەن، سزاکەیان بەندکردنە کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و یەک ملیۆن دیناریش پێبژاردنیانە. بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ داوای کردووە ئەو بڕگەیە لاببرێت و بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانەدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ