ئاوی بەنداوی موسڵ زۆر کەمبووەتەوە؛ "دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە"

02-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئاوی بەنداوی موسڵ زۆر کەم بووەتەوە، بە جۆرێک کەمتر لە چارەکێکی توانای خۆی ئاوی تێدا ماوە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "لەکاتێکدا بەنداوی موسڵ توانای لەخۆگرتنی 11 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا تەنیا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو، بەنداوەکە "گەورەترین" کۆگەی ئاوی عێراقە و "بۆیە کەمئاوییەکەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو وڵات دەبێت."
 
دووبەردانی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکەی بۆ سێ هۆکار گەڕاندەوە، "کەم بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە هۆکاری سەرەکییە، بە جۆرێک لەکاتێکدا دەبوو تورکیا رۆژانە لە چرکەیەکدا 600 مەتر سێجا ئاوی دیجلە بەربداتەوە، ئێستا تەنیا 100 مەتر سێجا بەردەداتەوە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی نەینەوا "کەمبارانی و خراپ بەڕێوەبردنی کاروباری بەنداوەکە"ی وەک دوو هۆکارەکەی دیکە ناوبرد و گوتی، "ئەم ساڵ بارانبارین لە سنووری موسڵ زۆر کەم بوو. بەڕێوەبردنی کاروباری بەنداوەکەش خراپە. حکومەت پێشتر فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەکە کردبوو رۆژانە لە چرکەیەکدا 600 مەتر سێجا بۆ پارێزگاکانی باشوور بەربداتەوە، ئەوەش گوشارێکی گەورەی لەسەر بەنداوەکە دروستکرد."
 
ئەحمەد دووبەردانی گوتیشی، "ئێستا ئاوی بەنداوەکە زۆر کەمبووەتەوە و ناتوانین ئەو بڕەش کە حکومەت پێشتر داوای دەکرد بەربدەینەوە، بۆیە دەبێت حکومەت هەوڵ بدات ئەو کێشەیە بە زوویی چارەسەر بکات."
 
1ـی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
 
لەو بارەیەوە ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "نەمانبینی ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کرداری جێبەجێ بکرێت. بڕی بەردانەوەی ئاوەکە کەمە و هیچ شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕدراوە."
 
بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1984 کۆتایی بە کارەکانی هێنرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.