ئەمریکا پێشوازی لە بڕیاری سزادانی بکوژانی هاووڵاتییە ئەمریکییەکەی بەغدا دەکات

01-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا پێشوازى لە بڕیارى دادگەى عێراقی دەکات بۆ سزادانى پێنج لە تۆمەتبارانى کوشتنى هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە بەغدا و دەڵێت، "پێویستە سەرجەم بەرپرسانى ئەو تیرۆرکردنە رووبەڕووى  لێپرسینەوە بکرێنەوە."
 
رۆژی 1ی ئەیلولی 2023 ماتیو میلەر، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازى لە بڕیارى دادگەى عێراقى کرد بۆ سزادانى ژمارەیەک لەو کەسانەی پەیوەندییان بە کوژرانى ستیڤن ترۆیل، هاووڵاتى ئەمریکى هەبوو، کە ساڵى رابردوو لە بەغدا کوژرا.
 
رۆژی 31ى ئابى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگە سزاى ئەو تۆمەتبارانەی داوە کە رۆڵیان هەبووە لە کوشتنى ستیڤن ترۆیل، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئێرانى و چوارى دیکەیان عێراقى بوون و سزاى بەندکردنى تاهەتایی دراون.
 
گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت: "پێویستە سەرجەم بەرپرسانى ئەو تیرۆرە دڕندانە بەمەبەستە رووبەڕووى لێپرسینەوە و دادوەرى بکرێنەوە".
 
رۆژی 7ى تشرینى دووەمى 2022 ستیڤن ترۆیل، تەمەن 45 ساڵان لە ناوچەى کەڕادەى بەغدا کوژرا، لەدواى ئەوەى لە لایەن گرووپێکى چەکدارەوە هەوڵى رفاندنی درا. دواتر گرووپى چەکدارى "سەرایا ئەسحابولکەهف" بەرپرسیارێتیى خۆی لە کوشتنى ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە راگەیاند و بانگەشەى ئەوەی کرد کە لە تۆڵەى کوژرانى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى دەستەى حەشدی شەعبی ئەو کارەیان کردووە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت چوار تۆمەتبارى دیکەى ئەو تاوانە هێشتا دەستگیرنەکراون و هێزە ئەمنییەکان بەدوایاندا دەگەڕێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە