سوودانی داوا دەکات تەرمی کەریم عێراقی بهێندرێتەوە عێراق

01-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی کۆچی دوایی کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراق؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد و رایگەیاند، "نێوەندی رۆشنبیری و گۆڕەپانی هونەریی عێراق شاعیرێکی بەخشندەی لەدەستدا." داواشی لە وەزارەتی گواستنەوە کرد رێکارەکان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی بگرنەبەر.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 1ی ئەیلوولی 2023 کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراق بەهۆی شێرپەنجەی پرۆستاتەوە لە تەمەنی 68 ساڵیدا لە ئەبو زەبیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی هەینی 01-09-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی کۆچی دوایی کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراقییەوە، پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستەی بنەماڵەکەی و خێزانی رۆشنبیری و هونەری لە عێراق کرد، کە تێیدا هاتووە، "بەو لەدەستدانە نێوەندی رۆشنبیری و گۆڕەپانی هونەریی عێراقی، شاعیرێکی بەخشندەی لەکیس چوو، کە شوێنەوارێکی گرنگی لە یادەوەریی هونەریی عێراقییەکان بەجێهێشتووە."
 
سوودانی کە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەریم عێراقی بەهۆی نەخۆشییەکی قورسەوە گیانی لەدەستداوە، دەشڵێت داوایان لە وەزارەتی گواستنەوە کردووە، رێکارەکان تەواو بکات بۆئەوەی تەرمی ئەو شاعیرە بهێندرێتەوە و لە عێراق بەخاک بسپێردرێت.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 03-09-2023 لە مزگەوتی عۆدە سوەیعدی لە ناوچەی زەیونەی بەغدا پرسەی کەریم عێراقی بەڕێوەبچێت.
 
کازم ساهیر، گۆرانیبێژی دیاری عێراقی و عەرەب، کە زیاتر لە 70 هۆنراوەی ئەو شاعیرەی کردوونەتە گۆرانی، لە پەیامێکی هاوخەمیدا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "برادەر و هاوڕێی تەمەن مامۆستا کەریم عێراقی کۆچی دواییکرد." هاوڕێیەتیی ئەو دوو کەسە بۆ سەردەمی ئەرکی سەربازی لە سوپای عێراق دەگەڕێتەوە.
 
کەریم عێراقی لە ساڵی 1955 لە ناوچەی شاکرییە لە گەڕەکی کەڕادە مەریەمی بەغدا لەدایکبووە، بڕوانامەی دیبلۆمی لە زانستی دەروونناسی و میوزیکی منداڵان لە پەیمانگەی مامۆستایانی بەغدای بەدەستهێناوە، چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە و دواتر بووەتە سەرپەرشتیاری نووسینی ئۆپەرێتی قوتابخانەکان.
 
لە قۆناخی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە دەستی بە نووسین و بڵاوکردنەوە کردووە و لە چەندین گۆڤاری عێراقدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە.
 
کەریم عێراقی لەساڵی 1997، خەڵاتی باشترین گۆرانیی مرۆیی رێکخراوی یۆنسێفی پێبەخشراوە بەهۆی شیعرێکەوە، کە کازم ساهیر کردوویەتییە گۆرانی و باسی منداڵانی عێراقی لەسەردەمی گەمارۆی ئابووری لەساڵانی نەوەتەکان کردووە. هەروەها لەساڵی 2019 خەڵاتی جیهانیی شا فەیسەڵی پێبەخشراوە. 
 
شاعیری دیاری عەرب و سووری، نزار قەبانی، لە وەسفی کەریم عێراقیدا دەڵێت: "کەریم لەسەر لێوەکانی کازم ساهیر بمێنەوە، بەردەوام بە لە نووسینەوەی هەست و خەونەکانمان بە شێوازی جوانی منداڵانەت."
 
گۆرانیبێژان وەدیع سافی، سەڵاح عەبدولغەفوور، حوسێن نیعمە، فەزڵ شاکر، حاتەم عێراقی، ماجید موهەندیس، نەجاح سەلام، عاسی حەلانی، لەتیفە توونسی، سەعدوون جابر، هانی شاکر، ئەساڵە نەسری، حوسێن جسمی، دیانا حەداد، سابر روباعی و چەندینی دیکە شیعرەکانی کەریم عێراقییان کردووەتە گۆرانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."