فەرەنسا جەخت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی داعش دەکاتەوە

01-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای فەرەنسا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 29-08-2023 سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کرد و پابەندبوونی فەرەنسای بە "سەروەری، ئاسایش و سیستمی فیدراڵیی عێراق دووپاتکردەوە."
 
رۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 پێیر گاودیڵیر، گوتەبێژی سوپای فەرەنسا گوتی، "لە ساڵی 2017وە دوای شکستپێهێنانی داعش لە عێراق، هیچ ناوچەیەکی دیکە لەلایەن تیرۆریستانی ئەو رێکخراوەوە کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵام ئەوان [داعش] بە نهێنی جووڵەیان هەر هەبووە."
 
گوتەبێژی سوپای فەرەنسا ئەوەی راگەیاند کە حکومەتی وڵاتەکەی بە دوو شێوە لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتیی عێراق دەدات و گوتی، "ئێمە لەسەر دوو هێڵ هاوکاریی عێراق دەکەین؛ راوێژدان و شیاندنەوەی سەربازانی عێراقی، بەتایبەت لە بەغدا. هێڵی دووەمیان ئەوەیە کە ئێمە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە کە لە یەکێک لە بنکەکانی ناوچەکە جێگیر کراون، یارمەتیی عێراق دەدەین."
 
فەرەنسا، بە گوتەی گاودیڵیر، بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و رایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە بەردەوامیی پشتگیرییەکانمان بۆ هاوبەشەکانمان لە عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا – ئیلیزێ لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوو رۆژ پێشتری نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بڵاوکردەوە.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان دوای ئەوە هات، سێ سەربازی فەرەنسی لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان بە گوتەی ئیلیزێ، "لە شەڕی دژی تیرۆردا" کوژراوە.
 
ئیلیزێ گوتیشی، ماکرۆن "بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی دووپاتکردەوە کە فەرەنسا پابەندە بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپاڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە؛ هەروەها جەختی لە پاڵپشتیی فەرەنسا بۆ خەڵکی عێراق کردەوە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە لە داعش رزگار کراون."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی ئیلێزێدا هاتبوو، ماکرۆن "پابەندبوون و گرنگیدانی فەرەنسای بە سەروەری، ئاسایش و فرەڕەنگیی عێراق و سیستمی فیدڕاڵییەکەی کە لە دەستووری عێراقیدا هاتووە، بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە؛" ئیلیزێ دەشڵێت، "سەرۆککۆماری فەرەنسا هیوای خواست ببینێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا پێکەوە کار بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە