رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر هاوکاریکردنی زیارەتکارانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ گەیشتنیان بە کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێندا.
رۆژی هەینی 01-09-2023 قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر کارئاسانیکردن و هاوکاریکردنی زیارەتکارانی شیعەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ گەیشتنیان بە شاری کەربەلا بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێندا.
قەیس خەزعەلی لەو بارەوە دەڵێت، "سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو ئەو هەوڵە دڵسۆزانە دەکەین کە ئاسانکاری و هاوکاری و پاڵپشتی پێشکێشی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلە دەکەن کە بەرەو مەزاری ئیمام حوسێن، باوکی ئازادیخوازان (سڵاوی خوای لێ بێت) دەچن."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، "هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەی برای بەڕێزمان نێچیرڤان بارزانی بەرز دەنرخێنین، بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەی کردوویەتی لە هاوکاریکردنی زیارەتکاران بە دابینکردنی پاس بۆ گواستنەوەیان. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە خۆشەویستی حوسێن (سڵاوی خوای لێ بێت) کۆمان دەکاتەوە."
نووسینەکەی قەیس خەزعەلی لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئێران بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەسەر راسپاردەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان 100 پاس بە لۆگۆى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە تەرخانکراون بۆئەوەى زیارەتکارانى شیعەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەولێرەوە بگوازنەوە بۆ شارى کەربەلا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەى ئیمام حوسێن.
لە 18ی ئەم مانگەوە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە دەستی پێکردووە.
مەسعود باتێلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رۆژی هەینی 01-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 40 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەکەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان.
دەروازەی باشماخیش رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لە دەروازەکەدا شوێنی بەڕێکردنی مامەڵەی زیارەتکاران کراوەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا مامەڵەی هاتنەژوورەوەیان بەڕێ بکەن؛ هەروەها چەند لیژنەیەکی جیاواز لە دەروازەکە پێکهێندراون بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارانەی لە سنوورەکەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ