رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە وەزیرى ناوخۆ دەکات لێکۆڵینەوەیەکى "خێرا" لە هێرشى مووشەکى بۆ سەر فڕۆکەخانەى بەغدا بکەن و لە 48 کاژێردا ئەنجامەکەى رابگەیێنن.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە یەکى تشرینى یەکەم بڵاویکردەوە، محەممەد شياع سوودانی، وەزیرى ناوخۆى راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکى "خێرا" بکەن لە بارەى ئاراستەکردنى ژمارەیەک مووشەکى کاتیۆشا لە ناوچەى عامرییەى بەغداوە کە شەوى رابردوو لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى شارەکە کەوتنەوە.
شەوى رابردوو 30ى ئەیلوول، دوو مووشەکى کاتیۆشا ئاراستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا کران، بەگوێرەى میدیاى فەرمیی عێراق یەکێک لەو مووشەکانە لە پارکی تایبەت بە فەوجى دووى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتووەتە خوارەوە و مووشەکەکەى دیکەش بەر گۆڕەپانێکى نێو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتووە و هیچ زیانێکى گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق، داواى لە وەزیرى ناوخۆ کردووە لە ماوەى 48 کاژێردا کەمتەرخەمانى ئەو رووداوە دەستنیشان بکرێن و ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان رابگەیێنن.
هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کیا دا گرتووتەوە، کە سەکۆى ئاراستەکردنى ئەو کاتیۆشایانەى لەسەر بووە.
ئەو ئۆتۆمبێلە لە گوندى عەسریە لە ناوچەى عامرییەى بەغداى پایتەخت دەستى بەسەردا گیراوە، بەگوێرەى میدیاى فەرمى عێراق چەند مووشەکێکى تێدا بووە، کە نەتەقێندراون و چەند مووشەکێکى دیکەش لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە تەقیونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ