رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن، رایگەیاند، بەئامانجگرتنى بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار وەکو ئەوەى ئەمریکییەکان باسی دەکەن، کارێکى گوماناوییە.
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەڵێت، ئەگەر هەیە گرووپێکى سەر بە ئەمریکییەکان ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هیچ سەرچاوەیەکى فەرمیى ئەمریکا ئاماژەى بەوە نەکردووە، هێرش کرابێتە سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە ئەنبار.
شەوى رابردوو بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر چەند شوێنێکى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا.
یەکى تشرینى یەکەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ھێرشکراوەتە سەر کۆمەڵگەى پاڵپشتیى دیپلۆماسی کە دامەزراوەیەکى دیپۆماسی ئەمریکایە، بێ ئەوەى زیانى گیانى لێ بکەوێتەوە.
میدیاى فەرمیى عێراقیش دەڵێت، دوو موشەک ئاڕاستەى فڕۆکەخانەى بەغدا کران کە یەکێکیان لە شوێنێکی تایبەت بە فەوجى دووى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتە خوارەوە و مووشەکەکەى دیکەش بەر گۆڕەپانێکى نێو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا کەوت و هیچ زیانێکى گیانی لێ نەکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ