رووداو دیجیتاڵ
گواستنەوەی کاڵای بازرگانی لە تورکیاوە بە رێگەی وشکانی لە رێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی کەنداو بە سیستمی گواستنەوەی وشکانیی جیهانی (TIR) دەستپپێکردووە، بەوەش عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە پردێکی بازرگانیی گرنگ لەنێوان ئەو وڵاتانە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: TIR پێگەی وڵات وەک رێڕەوێکی بازرگانی بەهێزدەکات
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێکردنی قۆناخی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی تورکیا لە رێگەی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ وڵاتانی کەنداو بە سیستمی گواستنەوەی وشکانیی جیهانی (TIR) هەنگاوێکی ستراتیژییە و پێگەی عێراق وەک رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی بەهێز دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "ئێستا رۆژانە 25 کاروانی بارزگانی لە تورکیاوە بە رێگەی دەوازەی ئیبراهیم خەلیل دێنە هەرێمی کوردستان و عێراق. تاوەکو ئێستا 370 کاروانی بازرگانی هەبوون".
رێککەوتنی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی (Transports Internationaux Routiers - TIR) لە ساڵی 1975 واژۆکرا و لە 20ـی ئاداری 1978ـەوە کاری پێدەکرێ. تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 وڵات واژۆیان کردووە و لە سەرەتای حوزەیرانی ئەم ساڵیشدا عێراق بە فەرمی کارابوونی لەو رێککەوتنە راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باسی لەوە کرد: "رێڕەوە وشکانییەکە لەگەڵ تورکیا بە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئوردن و سعودیەدا تێدەپەڕێ تاوەکو دەگاتە کوێت، قەتەر و ئیمارات. ئەم هەنگاوە تەواوکەری ئەو پێشڤەچوونانەیە کە بەم دواییە لە پرسی گواستنەوەی نێوان عێراق و کوێت بەدیهاتووە و پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی سەرەکیی بازرگانیی هەرێمی بەهێز دەکات، تێچووی گواستنەوە کەمدەکاتەوە و جووڵەی کاڵاکان ئاسانتر دەکات".
بەگوتەی مەیسەم سافی، ئەم هەنگاوە تەنیا رەهەندی ئابووری نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژییە بەرەو سیستمێکی گواستنەوەی تەواوکار و گونجاو لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و رێکارە کارگێڕییە نێودەوڵەتییەکان، بەمەش عێراق دەبێتە پردێک بۆ گەشەپێدان و تەواوکاریی ئابووریی نێوان وڵاتان.
ماوەی گواستنەوە کەم دەبێتەوە
چاوەڕوان دەکرێ جێبەجێکردنی سیستمی تی ئای ئاڕ ببێتەهۆی کەمکردنەوەی ماوەی گواستنەوە و دابەزاندنی تێچوو، جگە لە رەخساندنی هەزاران هەلی کار.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا وەزارەتەکەیان وەکو تاقیکردنەوە دوو گەشتی وشکانیی بۆ گواستنەوەی کاڵا ئەنجامداوە و حوزەیرانی ئەم ساڵیش عێراق چالاکبوونی لەنێو سیتسمەکە راگەیاند.
مەیسەم سافی گوتیشی: "ئەمە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو و رەنگدانەوەی لەسەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چالاککردنەوەی ئەم رێڕەوە وشکانییە گرنگە هەبوو. ئەم سەرکەوتنەش دەبێتەهۆی بەهێزکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی وشکانی و ئەو وڵاتانەی پشت بە سیستمی TIR دەبەستن، بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێی فراوان و گشتگیر لە جووڵەی بازرگانی لە رێگەی خاکی عێراقەوە دەستپێبکات."
سیستمی تی ئای ئار (TIR) رێککەوتنێکی گومرگیی نێودەوڵەتییە بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی کاڵا بە سنوورەکاندا. سیستمەکە رێگە بە بارهەڵگرەکان دەدات بە ئاسانی و پارێزراوی کاڵا بگوازنەوە، بێ ئەوەی لە خاڵە سنوورییەکاندا پشکنینی گومرگییان بۆ بکرێتەوە. ئەمەش کات و تێچووی لۆجیستی پاشەکەوت دەکات و بازرگانیی نێودەوڵەتی خێراتر دەکات.
د. حامی ساڵح، شارەزای گومرگ و گواستنەوەی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جێبەجێکردنی سیستمی TIR هەنگاوێکی گرنگە و عێراق و هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی نوێ، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو سیستەم و پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی زیاترە.
بە گوتەی ئەو شارەزایە، تاوەکو ئێستا عێراق ئەو ژێرخانە پێویستەی نییە، لەوانە رێگەوبانێکی رێکوپێک بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان؛ هەروەها دەبێ دڵنیایی ئەمنیی تەواو بۆ تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان هەبێ، چونکە وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئەورووپی، ئەگەر لە سەلامەتیی بارەکانیان دڵنیا نەبن، ئامادە نابن خاکی عێراق بەکاربهێنن.
د. حامی ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سیستمە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەبووژێنێتەوە، تەنانەت کاریگەری لەسەر کولتوور و شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی عێراقیش دەبێت، چونکە "ئەوکات شوفێرەکان دەبێت پیشەگەر بن، خول و بڕوانامەی تایبەتیان هەبێت، هەروەها سەردانی وڵاتان دەکەن و کولتووری وڵاتانی دیکە، بەتایبەت ئەوروپییەکان دەبینن، ئەوەش کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و شێوازی ژیانیان دادەنێت."
د. حامی ساڵح گوتیشی: "ئەو رێگەیە هەر تەنیا وشکانی و لە رێگەی تورکیاوە نییە، بەڵکو دەکرێ لە رێگەی کەشتیشەوە بار بگاتە عێراق و دواتر لە عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە."
رۆژی 3ی حوزەیرانی 2025، رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، پەیوەستبوونی عێراق بە رێککەوتنەکەوە "رووداوێکی مێژوویی و پەیامێکی گرنگە" بۆ جیهان، کە "عێراق وڵاتێکی ئارام و سەقامگیرە و کراوەیە بەڕووی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا."
وەزیری گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنی تی ئای ئاڕ "دەستپێکە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان و گواستنەوەیەکی ئارام و ئاسان بۆ بازرگانیی نێوان وڵاتانیش دابین دەکات."
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو لەبارەی ئەوەی ئایا رێککەوتنەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق گوتی: "بەڵێ، سەرەتاکەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەبێت."
سەعداوی گوتیشی: "ئەم دەستکەوتە ئاسانکاریی گەورە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دابین دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ