رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنیی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان کوردستان راگەیاند. دامەزراندنەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
رۆژی پێنجشەممە 1-12-2022، د. ماجد شنگالی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانکۆ پزیشکییەکان، پزیشکی، دەرمانساز و ددان و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردەوە.
د. ماجد شنگالی ئاماژەی بەوەدا، پێشتر فۆرمی داواکاریی دامەزراندنی نزیکەی 1000 کەسیان ئامادەکردبوو بۆ دامەزراندن، بە هەموو پێداویستی و بەڵگەکان وەک بڕوانامە و پسووڵەی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام دواتر وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیارید ا لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی داواکاریی پێشکێش بکرێت، بەهۆی رێکارەکانی ئەنجوومەنی راژەی عێراقەوە.
رۆژی پێنجشەممە 1-12-2022، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیاری دکتۆر ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، وەزارەتی تەندروستی فۆرمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە داتای ئامار رادەگەیێنن، بە مەبەستی پێشکێشکردن بۆ خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستی و پەرستار و تەندروستییەکان کە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2000 دەیانگرێتەوە لە دەرچووانی خوێندنی 2020-2021 لە زانکۆ و پەیمانگەکان هەرێمی کوردستان. ئەوانەی نیشتەجێی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هاتووە، پێشکێشکردنەکە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-12-2022 دەستپێدەکات، بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراقدا، بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەم پرۆسەیە دەربڕی کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەک: نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەددین، بۆ ئەوەی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکیی و تەندروستییەکان لەو ناوچانە وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق دابمەزرێن کە مافی خۆیانە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێشکێشکردنەکە تەنیا بۆ دەرچووانی خوێندنی 2020-2021 دەبێت، چونکە لەو کاتەدا پلەی وەزیفی بۆ ساڵانی رابردوو نییە.
پێشکێشکاران پێویستە فۆرمی داواکاریی دامەزراندن بە راستی و دروستی پڕبکەنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە شوێنی نیشتەجێبوون کە دەبێت هاوتای کارتی نیشتەجێبوون بێت. بەو پێیەی وەزارەت زانیاری لەبارەی ئەو دەرچووانە هەیە، ئەگەر دەرکەوت زانیاریی و بەڵگەنامەکان نادروستن، وەکو د. ماجد شنگالی باسی کرد، "ئەوا دوور دەخرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ