رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هەموو پێنجشەممەیەک زنجیرەیەک راستی لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و عێراق بڵاودەکاتەوە. لە یەکەم زنجیرەی ئەو بڵاوکراوانەش باسی هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بواری ئاوارەکان و دووبارە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەکان دەکات و دەڵێت، ئەمریکا لە ئەم ساڵدا زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلار هاوکاریی عێراقی کردووە.
شەوی پێنجشەممە، 30-11-2023، ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاوارە و کۆچبەران زانیاریی نوێی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە و ئامارانەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، 270 هەزار و 479 پەنابەری سووری لە عێراقدا هەبوون و 180 هەزار ئاوارە لە کەمپەکاندا بوون و کۆی گشتی ئاوارەکانیش لە عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بوون.
هەر بەپێی داتاکانی ئەمریکا 83 هەزار و 500 کەس لە سەرجەم ناوچەکانی باشووری عێراق بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەنێویاندا وشکەساڵی و زیادبوونی خوێی ئاو و تێكچوونی خاکەوە ئاوارە بوون.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرای کرد، کۆی ئەو یارمەتییانەی پێشکێشی عێراقییان کردووە 114 ملیۆن و 277 هەزار دۆلار بووە، کە 91 ملیۆن و 418 هەزار دۆلاریان لەلایەن نووسینگەی دانیشتوان و پەنابەرانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بڕی 22 ملیۆن و 858 هەزار دۆلار، کە لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی" USAID"دابینکراون.
باسی ئەوەشیکردووە، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانێکیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێکردووە کە تەنیا لە هەرێمی کوردستان 650 هەزار ئاوارە لەخۆدەگرێت.
دەشڵێت، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2014ەوە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیان تاوەکو ئابی ساڵی 2023 گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
سەبارەت بە ئاوارەکان بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، 14 هەزار خێزان کە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبن ناوچەکانی خۆیان لە 10 پارێزگای عێراق بەجێهێشتووە و تەنیا لە ماوەی ناوەڕاستی ئاداری 2023 تاوەکو ناوەڕاستی حوزەیرانی 2023 ژمارەی ئەو کەسانەی بەو هۆیەوە ئاوارەبوون 10 هەزار کەس بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ