رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، بەتایبەتی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دارایی گشتی لە عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت."
عەلی عەللاق لە گوتەیەکدا لە پەراوێزی پێنجەمین کۆنفرانسی هەرێمیی کۆڕبەندی ئابووری ئیسلامی لە قاهیرە رایگەیاند: "عێراق رووبەڕووی گوشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، لەوانە کەڵەکەبوونی ژێرخان و گەشەپێدان، ئەمەش پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و زیادکردنی داهاتە گشتییەکانە."
بە گوتەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پشتبەستنی دارایی گشتی بە رێژەی زیاتر لە 90% بە نەوت، کە سەرچاوەیەکی ناجێگیرە، بووەتەهۆی ناجێگیریی داهات و لاوازیی سەقامگیریی دارایی، بۆیە پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.
عەلی عەللاق ئاماژەی بەوەشکرد: "لاوازیی کەرتی بەرهەمهێنان عێراقی کردووەتە وڵاتێکی هاوردەکار، ئەمەش گوشارێکی بەردەوام لەسەر دۆلار و نرخی دراو دروست دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی هێزی کڕین و زیادبوونی خواست لەسەر دراوی بیانی."
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "عێراق لە ساڵانی رابردوودا توانیویەتی بەشێک لە کورتهێنانی دارایی لە رێگەی گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکانەوە پڕبکاتەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران بەردەوامە بۆ زیادکردنی ئەم سەرچاوانە."
عەلاق جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی نرخی دراو ئامانجێکی سەرەکییە و گوتی: "عێراق سەرکەوتوو بووە لە بەرزکردنەوەی قەبارەی یەدەگی بیانی کە بووەتەهۆی دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان بۆ نزیکەی 1% کە یەکێکە لە نزمترین ئاستە تۆمارکراوەکان."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئێستا کاتی دەستکاریکردنی خشتەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە. 34 یاسا و بڕیاری تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت هەیە و پێویستە ئەو یاسایانە هەموار بکرێنەوە کە دەرماڵەی زیادە دەدەن کە زیاترە 60٪ی مووچە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ