عێراق کارگەیەکی نوێی ئەلەمنیۆم دەکاتەوە؛ بەرهەمی ساڵانەی 6 هەزار تۆن دەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا دووەم پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم لە پارێزگای زیقار دەکەنەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی 6 هەزار تۆن ئەلەمنیۆمی لە ساڵێکدا هەیە.
 
زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان پلانێکی روونی بۆ پەرەپێدان و پشتگیریی راستەوخۆی پیشەسازیی ئەلەمنیۆم هەیە، ئەویش بە راسپاردەی راستەوخۆی خالید بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان بووە و پڕۆژەکە پێش کۆتایی ئەم ساڵ دەخرێتە کار."
 
بە گوتەی زوحا جبووری، پڕۆژەکە چەند مانگێک لەمەوبەر بەردی بناخەی دانراوە و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە.
 
کارگە نوێیەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی پارچە ئەلەمنیۆمی ئەستووری مامناوەند و بچووک، کە بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی، هاوکار دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی و کەمکردنەوەی هاوردە.
 
کارگەکە تەواوکەری کارگەیەکی دیکەی هەمان کۆمپانیایە، کە نۆژەن کراوەتەوە و مانگانە نزیکەی 125 تۆن ئەلەمنیۆم دەداتە کەرتی تایبەت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق گوتی: "وەزارەت پشتگیریی کۆمپانیای ئووری کردووە لەڕێگەی نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنی کارگەی ئۆکسیدی رەنگکراو، کە یەکێکە لە نوێترین کارگەکان لە بواری بەرهەمهێنانی پارچە ئەلەمنیۆمی رەنگکراو و بڕوانامەی کوالیتیی جیهانیی (ISO)ـی هەیە."
 
بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ئەلەمنیۆم، قەبارەی بازاڕی جیهانیی ئەلەمنیۆم لە ساڵی 2024 گەیشتە 189.3 ملیار دۆلار
 
چین، گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمی سەرەتاییە لە جیهاندا و لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە 40 ملیۆن تۆنی بەرهەمهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە