رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەگەری بارانبارین، چوار پارێزگای عێراق بۆ سبەی پشوویان راگەیاند، کە هەندێکیان تەنیا قوتابخانەکان دەگرێتەوە، بەگوێرەی کەشناسیی عێراق تەم دروست دەبێت و شەپۆلەکەش تاوەکو شەوی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، رۆژی 18ی کانوونی یەکەم کراوەتە پشوو، ئەوەش بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەوا و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان.
ئەو ئەنجوومەنە ئاماژەی بەوە داوە، پشووەکە بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان 50% دەبێت و بۆ تەندروستیی پارێزگاکەش دەوامکردن بەشێوەی ئێشکگر دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بڕیاری دا دەوامی پێنجشەممە بکرێتە پشووی فەرمی بەهۆی بارانبارینەوە، بەڵام پشووەکە فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای موسەنناش، لەبەر هەمان هۆکار، بڕیاری دا سبەی لە قوتابخانە و زانکۆکانی سنووری پارێزگاکە پشووە.
چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 عیزەت عەودە ناشی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە دەوامی قوتابخانەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە بکرێتە پشوو.
عامر جابری، گوتەبێژی فەرمیی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێشبینی دەکەن رۆژی پێنجشەممە بارانی پچڕپچڕ و مامناوەند لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەغدای پایتەخت ببارێت و بەهۆی دروستبوونی تەم، مەودای بینین کەم ببێتەوە.
عامر جابری راشیگەیاند: پارێزگاکانی زیقار و میسان و بەسرە و بەشی باشووری پارێزگای نەجەف کاریگەریی ئەو بارانەیان لەسەر دەبێت کە هەتاوەکو شەوی 18ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ