رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى پەسندکردنی یاسایەک کرد لەلایەن ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا، کە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەى رێگەپێدانى بەکارهێنانى هێزى سەربازى لە دژى عێراق، بەڵام راگەیاند ئەو یاسایە هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر پەک ناخات.
چوارشەممە 17ى کانونى یەکەمى 2025 وەزارەتى دەروەى عێراق، رایگەیاند، پێشوازى لە دەنگدانە مێژووییەکەى کۆنگرێسى ئەمریکا بە هەردوو ئەنجوومەنى نوێنەران و پیرانەوە دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەى رێگەپێدانى بەکارهێنانى هێزى سەربازى لە دژى عێراق بۆ هەردوو ساڵى 1991 و 2002.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، چاویان لەوەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا واژۆ لەسەر یاساکە بکات.
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 20 دەنگی نەخێر، بودجەی ساڵانەی بەرگریی وڵاتەکەی پەسند کرد. یەکێک لە بڕگەکانی هەڵوەشاندنەوەی فەرمی "رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF)" بوو کە لە ساڵانی 1991 و 2002 بۆ جەنگی دووەمى کەنداو جەنگی عێراق بە حکومەتی ئەمریکا درابوو.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، "ئەو بڕیارە ئاماژەیە بۆ گۆڕانى بۆچوونى یاسادانەرانى ئەمریکا و ئەو هەنگاوە خاڵێکى سەرەکییە لە گۆڕانى سرووشتى یاسایی پەیوەندى نێوان هەردوو وڵات."
بە گوتەى ئەو وەزارەتە هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێگەپێدانە هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر پەک ناخات بەوپێیەى رێگەپێدانى بەکارهێنانى هێزى سەربازى ساڵى 2001 کە تایبەتە بە بنبڕکردنى تیرۆر کە دواى رووداوەکانى 11ى سێپتەمبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى قاعیدەو گرووپەکانى دیکەى سەر بەو رێکخراوە دەرکرا، هێشتا کارایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ