رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و گەڕاندنەوەى ئەو مووچە و دەرماڵانەى کە سەندیکاکە لەماوەى پێنج ساڵدا وەریگرتووە.
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، رۆژی 3ى کانوونى یەکەمى 2023 تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان پێشکێشکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات لەساڵى 2019ـەوە هەر مووچە و دەرماڵەیەک کە سەندیکاکە وەریگرتووە، بگەڕێندرێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن پارێزەر مەسعود محێدین لەدژى نەقیبی پارێزەرانى کوردستان تۆمارکراوە و داوا دەکات سەندیکاکە و سەرجەم ئەو بڕیارانەشی هەڵبوەشێندرێنەوە، کە لە ساڵی 2019ـەوە دەریکردوون، هەروەها کارەکانی سەندیکا رابگیرێن.
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو سکاڵایە لەلایەن پارێزەرێکەوە تۆمارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەندیکاى پارێزەران بەهۆى ئەوەى کە سەندیکا هەڵبژاردنى نەکردووە بۆ دیاریکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنی سەندیکا.
ئەیاد کاکەیی گوتى: "ساڵى 2019 کۆنگرەی سەندیکا کرا و رۆژى هەڵبژاردنی دیاریکرا، بەڵام بەهۆى کێشە لە نێوان لیستەکانیدا هەڵبژاردنەکە نەکرا".
لە سکاڵاکەدا داواکراوە کە لە دواى ساڵى 2019ـەوە هەرچى مووچە و دەرماڵە کە سەندیکاى پارێزەران وەریانگرتووە بگەڕێندرێتەوە بۆ سندوقى پارێزەران و دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ راگرتنى سەرجەم چالاکیەکانى ئەو سەندیکایە لە هەرێمى کوردستان، تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە.
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لە ساڵى 1993 دامەزراوە و پێنج لقی هەیە، ئەنجوومەنەکەى لە 10 ئەندام پێکهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ