رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق، نابێت حکومەتی عێراق هیچ پۆستێکی بەوەکالەتی تێدا بمێنێت. لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵات لە هەموو ئەو بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییانە وەردەگیرێتەوە کە بەوەکالەت دانراون، لەنێویاندا چەند کوردێک هەن، دیارترینیان مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.
رۆژی هەینی، 01-12-2023، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە مادەی 71ـی یاسای بودجەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق ناچارە بە کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنی پۆستەکانی حکومەتی عێراق بەوەکالەت. دەبێت لە رێككەوتی 30-11-2023ـەوە ئەم بابەتە کۆتایی بێت. دەبێت لەو رێککەوتەوە هەموو دەسەڵاتە کارگێڕی و شایستەکانیان لێ بسەندرێتەوە، ئەگەر لە پۆستەکەیان مانەوە."
موسەننا ئەمین گوتی، بەگوێرەی یاساکە دەبوو 30 رۆژ پێش کۆتاییهاتنی کاتەکە کە 30ـی مانگی رابردوو بوو، ناوەکانیان بنێردرایە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەریان، بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە. بەگوێرەی ئەوەش لە 30ـی مانگی رابردووەوە هەموو دەسەڵاتەکانی بریکاری وەزارەت بە وەکالەت، بەڕێوەبەری دەستەکان بە وەکالەت کە 25 دەستەن، لەگەڵ راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن، نامێنێت."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو کەسانەی کە بریکاری وەزیر یان پۆستەکانی دیکەیان بەوەکالەت هەیە، چەند کوردێک هەن.
دیارترین ئەو پۆستانەی لەلایەن کوردەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە پشکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانن. بەگوتەی موسەننا ئەمین، تاوەکو پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەدات، نابن بە بریکاری وەزارەت بە فەرمی.
موسەننا ئەمین دەڵێت، دەکرێت لە رۆژانەی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناوی هەموو ئەو کەسانەی بریکاری وەزارەت یان بەڕێوەبەری دەستە یان راوێژکاربوون بەوەکالەت، بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق و دوای دەنگدان لەسەریان دەسەڵاتەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ