رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانى نوێى عێراق کۆدەبێتەوە. بە گوتەی یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە، 30 بەربژێر هەن و 10یان دەمێننەوە.
کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمشەو دەکرێ. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ناوی 6 لەو بەربژێرە سەرەکییانە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەبێت، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران."
بە گوتەی سەلام زوبەیدی، ئەگەر هەیە رێککەوتن لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران بکرێ، بەڵام ئەوە 100% گەرەنتیکراو نییە.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
بە گوتەی سەلام زوبەیدی، دیارترین بەربژێرانی پۆستی سەرۆکوەزیران کە ئێستا لەبەردەم ئەندامانی لیژنەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگین بریتین لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر؛ عەبدولحوسێن عەبتان، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئیقتیداری وەتەن و ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم کە بەشداریی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە. لیژنەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى پرسیارى ئاڕاستەى هەندێک لە بەربژێرەکان کردووە. 30 بەربژێر هەن و 10یان دەهێڵدرێنەوە."
عامر فایز رایگەیاند، ئەسعەد عیدانی وەک لیستی تەسمیم خۆی بەربژێر نەکردووە، بەڵکو هاوشێوەی چەند بەربژێرێکی دیکە بەدەر لە لیستەکانیان خۆیان بەربژێر کردووە.
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، دواتر لە 3 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێ و ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ