رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند ئەو وێنانەی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیا لەبارەی وەرگرتنی سێ برا بڵاوکراوەتەوە فۆتۆشۆپە، لینکی ئەو کەسانەشی لەگەڵدا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە، لە لیستەکەی ئێمەدا نین."
شەوی دووشەممە، 1-1-2024، وەزارەتی بەرگریی عێراق، روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک وێنە لەبارەی وەرگرتنی 10 هەزار سەرباز لە ریزەکانی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "هەندێک لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە سێ برای یەک خێزان بە تیروپشک ناویان بۆ وەرگرتن لە ریزەکانی سوپای عێراق هاتووەتەوە، دوای گەڕانەوە بۆ لیستی ئەو ناوانەی وەزارەتی بەرگری بڵاویکردووەتەوە، دەرکەوت ئەو ناوانە ناڕاستن و ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە فۆتۆشۆپە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق لیستی ناوەکانیشی کە بە تیروپشک دەرچوون، دیسانەوە بڵاوکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا روونکردنەوەی لەبارەی بڵاوکردنەوەی ناوی عەرەبێک کە بە کورد نووسراوە لەکاتێکدا لە عەشیرەتی جبوورییە و چەندین وێنەی دیکە کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەوەتەوە، نەداوە.
.jpg)
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق ناوی 15 هەزار کەسی بڵاوکردەوە لەوانەی پێشتر داواکارییان پێشکێشکردبوو بۆ ئەوەی لە ریزەکانی سوپای عێراق دەستبەکارببن، بەپێی وەزارەتەکە لە تیروپشکی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە، پێوەرەکانی وەک رێژەی دانیشتووانی 18 پارێزگاکەی عێراق، لەگەڵ رەچاوکردنی پێکهاتەکان و کەمینەکان و کەسوکاری شەهیدان رەچاو کراوە.
لەنێو پارێزگەکاندا ناوی وەرگیراوانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆکیش لە پاڵ کەرکووک و نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیە؛ ژمارەی وەرگیراوان بەپێی پارێزگاکانی کوردستان بەمشێوەیەن:
- هەولێر: 629 کەس
- دهۆک: 459 کەس
- سلێمانی: 632 کەس
هەروەها پێکهاتەکانیش بەمشێوەیە وەرگیراون:
- تورکمان: 419 کەس
- کریستیان: 217 کەس
- ئێزدی: 417 کەس
- شەبەک: 298 کەس
- سابیئە: 29 کەس
- فەیلی: 129 کەس

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ