عێراق
راوێژکارانی ئەمریکی لە بنکەیەکی مەشق لە تاجی، مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەکەن. وێنە: John Moore—Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
لە سەروبەندی تووندبوونی مشتومڕەکانی تایبەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دەرچوونیان، گرژییەکانی نێوان نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی، دوو سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و ئەندامانی ئێستای چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەرم و تووند دەبێت و سەردەکێشێت بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان.
حەیدەر عەبادی لە وەڵامی نزیکەکانی مالیکی و هادی عامری، بەڵگەنامەیەکی پێنج لاپەڕەیی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت: "پێش دەستبەکاربوونی حەیدەر عەبادی ئەمریکییەکان لە عێراق بوون." وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە سەردەمی نووری مالیکی و لە ساڵی 2014ەوە هاتنەوە بۆ عێراق.
بەڵگەنامەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە عەبادی بڵاوی کردوونەتەوە بەناونیشانی "نهێنی" و بە ژمارە"011328-14 " رۆژی 22ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 نێردراوە، تێیدا باڵیۆزخانەکە باس لەوە دەکات لە هێزەکانی ئەمریکا و فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتی بەگری بەشێوەیەکی کاتی لە عێراق دەبن بەهۆی ئەو دۆخەی لە عێراق دروستبووە کە مەبەست لێی "هێرشەکانی داعش"ـە.
لە بەڵگەنامەکاندا باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئەمریکییەکان ئیمتیازات و پارێزبەندییان هاوشێوەی فەرمانبەران و تەکنیککارانی نێردە دیپلۆماسییەکان بێت، ئەوەش بەپێی رێکەوتننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی 18ـی نیسانی 1961.
بەڵگەنامەکە وەڵامی ئەرێنیی حکومەتی عێراقی بە بەشێک لە رێککەوتن ناوهێناوە کە وای داناوە دواتر بکرێت و لە چوارچێوەی: "رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی پەیوەندیی هاوئاهەنگی و دۆستایەتی نێوان ئەمریکا و عێراق." بێت، رێککەوتنەکەش تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن یەکێک لە حکومەتی ئەو دوو وڵاتە کارپێکراو دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە وەڵامی ئەو بەڵگەنامانە سەرکردەکانی دیکەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەت هادی عامری و نووری مالیکی بەڵگەنامەی دیکە بڵاوبکەنەوە، وەکو رووداو لە سەرچاوەکانی پشتڕاستی کردووەتەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، لە (8 ـی ئەیلوولی تاوەکو 25ـی ئۆکتۆبەری 2018)، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، لە کاتێکدا نووری مالیکی، لەنێوان 20ـی ئایاری 2006 تاوەکو 8ـی ئەیلوولی 2014 سەرۆکوەزیران بووە.
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارییەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە.
عەقیل ردێنی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی نەسر، لەبارەی بەڵگەنامەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی باس لەوە دەکات ئەمریکییەکان لە سەردەمی حەیدەر عەبادی هاتوونەتەوە ناڕاستە، چونکە کاتێک حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە ئەمریکییەکان لە عێراق بوون."
ئەو سەرکردەیە لە وەڵامی عەلی زوبەیدی، سەرکردەی هاوپەیمانیی فەتح کە هادی عامری، سەرۆکایەتیی دەکات، دەڵێت: "ئەمریکییەکان لە کابینەی پێش کابینەکەی عەبادی و بە نووسراوێکی هۆشیار زێباری، وەزیری ئەو کاتەی دەرەوەی عێراق لە 22ـی حوزەیرانی 2014 هاتنەوە، لە کاتێکدا حەیدەر عەبادی دوای دەنگدانی پەرلەمان لە رۆژی 10ـی ئەیلوولی 2014 دەستبەکاربوو."
هەرچەندە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 10ـی حوزەیرانی 2014 و لە دوای هێرشەکانی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوونەتە عێراقەوە، ئێستا گفتوگۆکانی نێوان لیژنەیەکی سەربازیی دوو قۆڵیی باڵاش بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.
بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و ئوردن لە ماوەی نزیک بەو چوار مانگە 166 جار لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی شیعە کە ناوی لە خۆیان ناوە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، کراونەتە ئامانج.
عارف حەمامی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی وەڵامەکەی هاوپەیمانیی نەسرەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بچنە دەرەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دوای شەڕی داعش بە ماوەیەکی زۆر هاتنە عێراقەوە، بۆیە تۆمەتبارکردنی یەکدی ئێستا بێ سوودە، گرنگە چاومان لەسەر چوونە دەرەوەیان بێت."
شەڕی ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە 27 هەزار فەلەستنی و 66 هەزار و 139 برینداری لێکەوتووەتەوە، لە ئیسرائیل 1200 سڤیل و 550 سەرباز کوژراون، جگە لەوەی 132 بارمتە لە بن دەستی حەماس دان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ