رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رووبەڕووی فەرامۆشی و کەمتەرخەمی بووەتەوە، بەجۆرێک تەنیا بەڕێوەبەر و جێگرەکەی کوردن و بودجەشی نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەڕێوەبەرایەتییەکە کە 24 کارمەندی هەیە، تەنیا بەڕێوەبەر و جێگرەکەی زمانی کوردی دەزانن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دامەزراندنی نوێیان بۆ نەکراوە و بەشێک لە کارمەندەکانیشیان یان لە مۆڵەتدان یان بەشێوەی کاتی لە شوێنی دیکە دەوام دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکە بێ بودجە و نەسریەی مانگانەیە، بۆیە ئەگەر بیەوێت هەر بۆنەیەک رێکبخات، ناچارن لە گیرفانی خۆیان پارە کۆبکەنەوە، تەنانەت پاککردنەوەی ژوورەکانیشیان لەسەر ئەستۆی خۆیانە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەی بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانە.
بەهۆی نەخۆشی ئێسکەوە، سەنا هیدایەت گەرمیانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی، کورسییەکی لەنێو حەوشەی باڵەخانەکە داناوە و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە رایی دەکات، چونکە بەهۆی ئەوەی چەند جارێک قاچی شکاوە، ناتوانێت بەسەر پەیژەکاندا سەربکەوێتە نهۆمی دووەم، باڵەخانەکەش ئاسانسواری نییە.
سەرچاوەکە گلەیی لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا کرد، کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ناکەن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان ناکەن.
پێشتر ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردیمان هەیە، کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە. خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەغدا و هەموو پارێزگاکانی دیکەش هەیە، دامەزراندنی مامۆستایانی کورد هەیە کە تایبەتن بە خوێندنی کوردی، هیچ بەربەست یان کێشەیەک لەم رووەوە نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ