حکومەتی عێراق بڕیاریدا گەنمی ئەم ساڵ هەمووی وەربگرێت

02-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا هەموو گەنمی ئەم ساڵ وەربگرێت.
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسندکرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەیشدایە.
 
محەممەد خوزاعی گوتی، ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی لە هاوئاهەنگیدان و ئامادەکارییەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و تەرخانکردنی شوێنی وەرگرتن و کۆگاکردنی گەنم دیاری کردووە. 
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. حکومەتی عێراق ساڵی 2022 زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی گفتوگۆ کراوە کە جووتیاران دوای رادەستکردنی گەنمەکانیان لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە