راوێژکارێکی سوودانی: ئەمریکا دۆلاری بۆ عێراق نارد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق دەستپێکردووەتەوە. شارەزایەکی ئابووریی عێراقیش دەڵێت، دوێنێ بارە دۆلارە کاشەکە گەیشتووە و کاریگەریی لەسەر بەهێزکردنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دەبێت.
 
د. موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق دەستپێکردووەتەوە.
 
بە بۆچوونی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، "ئێستا هیچ شتێک نییە رێگری لە گەشتنی دۆلار بکات، دۆلاری کاش پێش ئەوەی بە هەر کڕیارێکی سوودمەند بفرۆشرێت، بەتایبەتی گەشتیاران، بەگوێرەی پلاتفۆرمی وردی دیجیتاڵی و میکانیزمێکی زۆر رێکخراو دەبێت، کە بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا وردەکارییەکانی دەزانێت."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر هۆکاری سەرەکی راگرتنی گواستنەوەی دۆلاری کاش لۆجستی بوو، بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەکانە بووە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئاسمانی عێراق داخرابوو، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئێستا ئاسمان بووەتەوە و دۆلار لە ئەمریکا گەیشتووە.
 
پارەی فرۆشی نەوتی عێراق دەچێتە ئەمریکا، دواتر مانگانە بە دوو کاروان دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق.
 
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای زیاتر لە دوو مانگ وەستان، دوێنێ هەینی بارێکی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گەیشتە بەغدا، کە بڕەکەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارە."
 
د. نەبیل مەرسوومی، پێیوایە "ناردنی ئەو دۆلارە لە چوارچێوەی پاڵپشتیی ئەمریکایە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ئەو هەنگاوەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار." هەروەها راشیگەیاند، "عێراق مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بە دوو کاروان وەردەگرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە