پرسیارەکانی بیرکاری لە عێراق ئاشکرا دەبن و تاقیکردنەوەی وانەکە دوادەخرێت

02-06-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بەکالۆریی بابەتی بیرکاری پۆلی 3ی ناوەندی لە عێراق ئاشکرابوون. بەو هۆیەوە تاقیکردنەوەی وانەکە کە ئەمڕۆ بوو، دواخرا.
 
شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندی بابەتی بیرکاری بڵاوبووەوە، کە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوبارەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا و رایگەیاند، بە هۆکاری بەپەلەی تەکنیکی تایبەت بە تاقیکردنەوەکان، بڕیاریاندا تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بابەتی بیرکاری سێی ناوەندی دوابخرێت.  
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، حوسێن سەبری لامی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بۆ کاروباری تەکنیکی و سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان، نووسراوێکی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرانی پەروەردەکانی پارێزگاکان کردووە، جگە لە هەرێمی کوردستان، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان بڕیاری دا بە دواخستنی تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندی تاوەکو کاتێکی دیکە، ئەمەش بەهۆی دزەکردنی پرسیارەکانی بابەتی بیرکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. 
 
لیژنەیەکی بەپەلەی لێکۆڵینەوەی وەزاریی پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ کەمتەرخبووان دەکرێت.   
 
هەر لەوبارەوە، نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بابەتی بیرکاری پۆلی سێی ناوەندی دزەی پێکراوە، بۆیە کاژێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەیان کردووە، وەک هەنگاوی یەکەم بڕیاریانداوە بە دواخستنی تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە. بۆ هەنگاوی دووەمیش بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە پەرلەمان و وەزارەتی پەروردە بۆ لێکۆلێنەوەی لەو بابەتە و دەستنیشانکردنی بەرپرس و کەمتەرخەمان دراوە، دواتر لەژێر رۆشنایی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی، بڕیاری پێویست دەدرێت. 
 
فالح خەزعەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەنەدی نیشتمانی رایگەیاند: "پێویستە وەزیری پەروەردە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ بریکارەکان و دەستەی بۆچوون و لیژنەی تاقیکردنەوەکان بکرێت، چونکە لە بەڕێوەبردنی تاقیکرنەوەکاندا شکستیانهێناوە".
 
فالح خەزعەلی گوتیشی: "دزەکردنی پرسیارەکان، بەڵگەیە لەسەر خراپیی بەڕێوەبردن و هەرەسهێنانی دامەزراوەی پەروەردەیی. پێویستە حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیران و گۆڕانکاریی راستەقینە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.