عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایسی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد، لەوانە پرسی کەمپی هۆل لە سووریا و مەخموور و شنگال لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، پرسەکانی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە، بەردەوامیی پشتیوانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بەتایبەت لەبواری مرۆیی، ژمارەیەک دۆسیەی جێ بایەخی هاوبەشی دیکەش تاوتوێ کراون.
لەو بابەتانەی لە دیدارەکەدا باسکراون "باسی کامپی هۆلی سووریا [رۆژئاوای کوردستان]، مەخموور و شنگال کراون، بەتایبەت هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتیوانیکردنی عێراق، بەتایبەت لە کۆتاییهێنان بە کامپی هۆل و هەڵوەشاندنەوەی و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە."
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 56 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەژین کە گەورەترین کامپە بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش دروستکرابێت، لەو ژمارەیە بەپێی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، 31 هەزاریان عێراقین و زیاتر لە پێنج هەزاریان گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.
کامپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە، زۆرینەی دانیشتووانی کامپەکە ژن و منداڵن، بەشێکی زۆری ژنانیش کە هێشتا بە جلە رەشەکانیانەوە بە کامپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، منداڵی زۆریان هەیە و کەمیان هەیە هاوژینەکانیان لە ژیاندا مابێت یان لە عێراق بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ