رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی نوێی چەکداری لە عێراق کە هێشتا بەتەواوەتی نەناسراوە، هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات و پێیوایە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە هێزەکانی ئەو وڵاتە بکاتە دەرەوە و دەڵێت: "حکومەت بەرامبەر داگیرکەر زۆر کەمتەرخەم بووە و لەهەندێک لە رێککەوتنەکان بووەتە کرێگرتەی داگیرکەر."
رۆژی هەینی، 2-6-2023، گرووپێکی چەکداری بەناوی "کەتیبەکانی سابرین" لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد و رایگەیاند: "ئێمە لە کەتیبەکانی ئەلسابرین دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکانمان لە دژی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکا لەسەر خاکی عێراقی خۆشەویستمان و ناوچەکە رادەگەیێنین."
گرووپە چەکدارییەکە کە هێشتا روون نییە کەی دروستبووە و کێ سەرکردایەتی دەکات و میکانیزمەکانی شەڕەکەی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا چۆن دەبێت، هێرشی تووند دەکاتە سەر حکومەتی عێراق و پێیوایە: "حکومەتی ئێستای عێراق کەمتەرخەم بووە لە دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکا و زۆر جار حکومەت بووەتە کرێ گرتەی داگیرکەر."
لەدرێژەی راگەیێندراوی گرووپەکەدا هاتووە: "ئێمە هێرشەکانمان راناگرین و نە رێککەوتن و نە ئاگربەستەکان و تەنانەت گوشارەکانیشتان لەسەر موجاهیدان رامانناگرێت، زیندانەکان و ستەمەکانیشتان بەهیچ شێوەیەک نامانترسێنێنن."
هەروەها لەگەڵ دووبارە ئاماژەدان بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان، گرووپەکە دەڵێت نە بنکە و نە قەڵغان و نە سیاسییەکانیان ناتوانن لەبەردەم هێرشەکانیان بیانپارێزن.
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەن، سەربازەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هەروەها هاوپەیمانیی ناتۆ راوێژ پێشکێشی هێزە عێراقییەکان دەکەن.
لە کانوونی یەکەمی 2021 ئەمریکا گۆڕانکاری لە ئەرکی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، رۆڵیان لە هێزی رووبەڕووبوونەوە گۆڕدرا بۆ راوێژکاری، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هەرزوو گومانەکانیان رەواندنەوە کە واشنتن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێناهێڵێت.
لە ساڵی 2003دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر عێراق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هێنا. لە کۆتایی 2011دا تەواوی سەربازانی ئەمریکا خاکی عێراقیان جێهێشت، بەڵام لە ساڵی 2014دا و دوای ئەوەی داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی خاكی عێراقی گرت، جارێکی دیکە سوپای ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق گەڕایەوە وڵاتەکە.
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەندینجار لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقن، کراونەتە ئامانج. بەشێک لەو گرووپانەش بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ