رووداو دیجیتاڵ
لە دووشەممە 3ى تەممووزەوە گەڕانەوەى حاجییانى عێراق لە عەرەبستانى سعودیەوە دەستپێدەکات، بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەکى پێشکەوتووى هێڵى ئاسمانى بەکاردەهێندرێت کە بە "فڕۆکەى خەون" ناسراوە.
2ى تەممووزى 2023 وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە 3ى تەممووزەوە پرۆسەى گەڕانەوەى حاجییانى عێراق لە عەرەبستانى سعودیەوە دەستپێدەکات و یەکەم کاروانیان دەگەڕێنەوە و سەرجەم رێوشوێنەکان بۆ گەڕانەوەیان لە فڕۆکەخانەکانى ئەو وڵاتە گیراونەتەبەر.
بەگوێرەى ئامارەکانى دەستەى حەج و عومرەى عێراق، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 32 هەزار هاوڵاتیى عێراق و هەرێمى کوردستان بە مەبەستى بەجێهێنانى فەریزەى حەج، سەردانى عەرەبستانى سعودیەیان کردووە.
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، فڕۆکەى نوێى هێڵى ئاسمانیى عێراقى بۆ گەڕاندنەوەى حاجییانى عێراق بەکاردەهێندرێن، لەوانە فڕۆکەى بیۆنگ 787 کە بە "فڕۆکەى خەونەکان" ناسراوە.
2ى تەممووزى 2023، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رۆژانە دوو بۆ سێ گەشتى فڕۆکەوانى بۆ گەڕاندنەوەى حاجییانى عێراق دەکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکەم کاروانى گەڕانەوەى حاجییانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى فڕۆکەوە لە 7ى تەممووز دەبێت بۆ فڕۆکەخانەى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و رۆژى 8ى تەممووز یەکەم گەشت بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى ئەنجام دەدرێت، هەردوو رۆژەکەش گەشتى گەڕانەوەى حاجییان بۆ فڕۆکەخانەى کەرکووک دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ