دۆخی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکرێت

02-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و دۆخی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 02-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی دارایی لەگەڵ عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆبێتەوە و تێیدا باس لە دۆخی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەگشتی دەکرێت؛ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت." 
 
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران هەیە؛ حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی. 
 
هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ تورکیادا. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، سێ رۆژە قسە لەسەر دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەکرێت، بەتایبەتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمڕۆ میوانداری سەرۆکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەکەن. 
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، هۆکاری سەرەکی بانگهێشتکردنەکە "بردنە دەرەوەی دۆلارە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە و کەمبوونەوەی داهاتە لە دەروازەکانەوە." 
 
شەوی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی "باندێکی گەورە"ی یاریکردن بە دۆلار و بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلاری لە هەولێر و بەغدا و بەسرە و ناوچەکانی دیکە راگەیاند، ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکار بووە لە ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو باندە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە