گوتەبێژی حکومەتی عێراق: فرۆشتنی ئوم قەسر بە کوێت راست نییە

02-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، وروژاندنی دۆسیەی سنووری نێوان عێراق و کوێت لەدوای ساڵی 2003ـەوە بووەتە بابەتێک بۆ هەراسانکردن و گوشاری سیاسی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و تۆمەتەوە لەلایەن فراکسیۆن و حیزبە سیاسییەکان بۆ سووکایەتیکردن بە حکومەتەکانی رابردوو. دەشڵێت، "بەخشینی خاک لە سنووری عێراق و کوێت تەنیا درۆیە."
 
رۆژی چوارشەممە، 2-8-2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع" رایگەیاندووە، سنوور لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 دیاریکراوە، ئەو کات کۆبوونەوە لەنێوان دامەزراوەکانی رژێمی پێشوو کراوە، یەکەمیان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی پێشوو بوو لە رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 و بڕیار درا بە پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 833ـی ساڵی 1993ـی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دانی بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت نا.
 
هەروەها هەمان رۆژ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش بڕیاری ژمارە 200ـی دەرکرد و دانی نا بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانی.
 
4 بڕگەی بڕیاری ژمارە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش بریتین لە:
 
1- حکومەتی عێراق دان بە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و دروستیی هەرێمی و سەربەخۆیی سیاسییدا دەنێت.
 
2- بە ملکەچبوون بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 833ـی ساڵی 1993، عێراق دان بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت دەنێت وەکو ئەوەی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەپێی بڕگەی 3ـی بڕیاری 687ـی ساڵی 1991 پێکهێنراوە، دیاریکردووە، رێز لە سنوورەکان دەگیرێت.
 
3- ئەم بڕیارە لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994ـەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەدوای ئەو بڕیارەوە حکومەتی عێراق سنووری نەگۆڕیوە. دەشڵێت، "شاندێکی عێراق و شاندێکی کوێت و لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پایە کوێتییەکانیان جێگیر کردووە وەکو ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر دیاریکردووە و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوە کردووە، لەدوای ساڵی 2003ـەوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و کوێت باشبووە و کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق کشانەوە، عێراق داوایکرد لەژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت و دەبوو کوێت و عێراق هاوئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی دەرنەکرد، چونکە کێشەی پەیوەست بە قەرزەکان مابوو.
 
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس و پەرلەمانتار و لایەنی سیاسیی، حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە شارۆچکەی ئوم قەسری لە پارێزگای بەسرا بە کوێت فرۆشتووە. حکومەتی عێراقیان بەوە تۆمەتبارکردووە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە ئەو کارەی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.