چوارچێوەی هاوئاهەنگی: عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگی دوولایەنەی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەبێت

02-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان رایگەیاند، عێراق خوازیاری دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگی دوولایەنەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چەند پێشنیازێکیشی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو و کارەبا خستەڕوو.
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 242ـی خۆی لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسە نێوخۆیی، هەرێمی و جیهانییەکان کرا. سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر یەمەنی کرا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی سەر بە حوسییەکان.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوێی لە راپۆرتێک گرت لەبارەی پرسی ئاو و کارەبا لە عێراق کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشکێشکرا، هەروەها ئەو چارەسەرانەی خراونەتەڕوو، کە حکومەت کاریان لەسەر دەکات و لەو بارەیەوە چەند پێشنیازێکی خستووەتەڕوو. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەیان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی  پێشوازی لە هەنگاوەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە لە چوارچێوەی پابەندبوونیان بە رێککەوتنی نێوان هاوپەیمانییەکە و حکومەتی عێراق و جەختی کردووەتەوە، "عێراق خوازیاری دامەزراندنی پەیوەندیی هاوسەنگی دوولایەنەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستە جیاوازەکان."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە "وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەکە" دەکات "دیدگایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ دوورخستنەوەی مەترسییە جۆراوجۆرە ئەمنی، ئابووری و ژینگەییەکان."
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵى 2008 رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییان واژۆ کرد لەبارەى گۆڕینى ئەرکى سوپاى ئەمریکا لە شەڕەوە بۆ مەشق، دواى ئەوەى لە ساڵى 2011 سوپاى ئەو وڵاتە لە عێراق کشایەوە. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە