رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڤیتۆی لەسەر هیچ کەسێک نییە ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لەسەری رێکبکەون.
زیا ناسری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پۆستی سەرۆککۆمار لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دەبێت ئەوان بڕیار بدەن کێ ئەو پۆستە وەربگرێت. پێویستە برایانی کورد لەنێو خۆیاندا رێکبکەون، بۆ ئەوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان روویدا، دووبارە نەبێتەوە."
لەبارەی هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرامبەر بەربژێرەکان، ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڤیتۆی لەسەر هیچ ناوێک نەبووە و نایبێت. ئەگەر برا کوردەکان خۆیان رێکبکەون، ئێمە ناتوانین دەستوەردان لەو پۆستەدا بکەین."
زیا ناسڕی ئاماژەی بە ئەزموونی ساڵی 2018 کرد و گوتی: "لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئەزموونێکی باشمان هەبوو و جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەک بوو. هەروەها نزار ئامێدی-ش کە پێشتر وەزیر بووە، هیچ کێشەیەکی نییە. مەرجی سەرەکی ئەوەیە هەر کەسێک پێشنیاز دەکرێت، پێویستە لە ئاستی نیشتمانیدا قبووڵکراو بێت و لایەنەکان لەسەری کۆک بن."
سەبارەت بە پرسی سەرۆکوەزیرانیش، ناسڕی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا لەنێو ماڵی شیعەدا لەسەر هیچ ناوێک سازان نەکراوە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، وەک چۆن ئێستا "نە حەیدەر عەبادی، نە محەممەد شیاع سوودانی و نە فالح فەیاز" هەمووان لەسەریان کۆک نین.
فەهد جبووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، بە رووداوی راگەیاند: "پۆستی سەرۆککۆمار، بۆ برایانی کورد جێهێڵدراوە و ئێمە دەست لەو بابەتە وەرنادەین."
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 15 رۆژدا پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێ، دوای ئەوەش سەرۆککۆمار فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ رادەسپێرێت.
دەقی مادەی 68ـی دەستوور بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
پێویستە پاڵێوراو ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لە دایکبووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاکێتی و سەرڕاست و دادوەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت.
چوارەم: حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ