یەکەم فراکسیۆنی ناو پەرلەمان داوا لە سوودانى دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە

03-02-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەى ئیمتیداد، 10 تێبینى لەسەر ئەداى حکومەتى ئێستاى عێراق بڵاودەکاتەوە و وەک یەکەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمان داوا لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە. 
 
رۆژی 2ى شوباتى 2023، بزووتنەوەى ئیمتیداد لە راگەیێندراوێکدا 10 تێبینى لەسەر ئەداى حکومەتى عێراق بڵاوکردەوە لە ماوەى 100 رۆژدا، تێیدا ئاماژەى بەوە داوە کە لەو ماوەیەدا بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ژمارەى پێوانەیی دابەزیوە و رێژەى هەڵاوسان زیادیکردووە، پرۆسەى بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامە و بەشێوەیەکى باش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى "دزى سەدە" نەکراوە کە بەمەست لێى بردنى 3.7 ترلیۆن دینارە لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج لە بانکى رافیدەین.
 
بزووتنەوەى ئیمتیداد خاوەنى 11 کورسی پەرلەمانى عێراقە، بە یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندانى تشرینییەکان دادەنرێت کە ساڵى 2019 دەستیپێکرد.
 
بزووتنەوەى ئیمتیداد لە تێبینیەکانیدا ئاماژەى بەوە داوە، بۆ جارێکى دیکە پایەکانى "دەوڵەتى قووڵ" گەڕێندراوەتەوە و پۆستەکان بە وەکالەت پڕکراونەتەوە و پڕۆژە راگیراوەکانیش دەستیان پێنەکراونەتەوە.
 
ئەوە یەکەمجارە پارتێکى سیاسیی کە فراکسیۆنى لە پەرلەمانى عێراق هەیە، داواى دەست لەکار کێشانەوە لە محەممەد شیاع سوودانى بکات، کە لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022، کابینەى حکومەتەکەى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا. 
 
رۆژی 2ى شوباتى 2023، ئەحمەد شرمانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى ئیمتیداد بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە نێو پەرلەمان بە پاڵپشتی فراکسیۆنى ئیشراقەى کانوون و چەند پەرلەمانتارێکى دیکە کار لەسەر بانگھێشت و لێپرسینەوە لە محەممەد شیاع سوودانى دەکەن.
 
ئەحمەد شرمانی گوتیشى: "پێویستە سەرۆکوەزیران بەڵێن بدات لە ماوەیەکى دیاریکراودا چارەسەرى کێشەى دابەزینى بەهاى دینار و بەرزبوونەوەى نرخى کاڵاکان بکات، ئەگەرنا دەست لەکار بکێشێتەوە." 
       

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵح ماهوود، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بانکەکان.

راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: لەم کابینەیەدا نزیکەی 7 ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە

ساڵح ماهوود، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بانکەکان دەڵێ، قەرزەکانی سەر عێراق "مەترسیدار نین" بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر بە خراپی بەڕێوەببرێن، دەبنە "بارگرانی".