هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەستپێشخەرییەکی لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران راگەیاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەکی نیشتمانیی گشتگیری بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکوەزیران راگەیاند و لە کۆبوونەوەی سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەیخاتەڕوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوپەیمانییەکە، بڕیاری راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە دوای کۆبوونەوەیەکی خولیی هاوپەیمانییەکە هات کە شەوی رابردوو لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەنجامی گفتوگۆکانی ماوەی رابردوو لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ کران.
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو، 46 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
 
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، توانیویانە "دەستپێشخەرییەکی نیشتمانیی گشتگیر" دابڕێژن کە بە تایبەت بۆ کردنەوەی ئەو "گرێکوێرانە"ی کە هەن و رێگرن لەبەردەم رێککەوتن لەسەر بەربژێری پۆستی سەرۆکی حکومەت. بڕیارە وردەکارییەکانی دەستپێشخەرییەکە رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی چوارچێوەی هاوئاهەنگییدا بخرێتەڕوو.
 
سوودانی، چاوی لەوەیە جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خۆی مسۆگەر بکاتەوە و یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە بۆ یەکلاکردنەوەی بژاردەکان بەگوێرەی مافە دەستوورییەکان." ئامانجی سەرەکیش پێکهێنانی حکومەتێکە کە بتوانێت خواست و داواکارییەکانی خەڵک بۆ چاکسازی و سەقامگیری جێبەجێ بکات.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 29ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێیی پەرلەمانی عێراق. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە